سه‌ره‌تا
پۆستی ئه‌لیکتڕۆنی
ئه‌رشیف
هاوڕێیان
ده‌رباره‌ی من :: به‌سته‌ری به‌که‌ڵک :: :: لۆگۆی دۆستان ::

RSS
ئه‌تۆمی ئاخوندی و داهاتووی ئێران و ناوچه‌که
ئه‌مساڵ سی ساڵ به‌سه‌ر هاتنه‌سه‌رکاری کۆماری ئیسلامیی له ئێران‌دا تێده‌په‌ڕێ. له ماوه‌ی ئه‌م سی ساڵه‌دا نه‌ته‌وه‌کانی ئێران تووشی گه‌لێک گیروگرفت هاتوون که هه‌ر هه‌موویان به هۆی سیاسه‌تی چه‌وت و هه‌ڵه‌ی به‌رپرسانی ئه‌و کۆماره‌وه بووه.
هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕو دانی فتوای جیهاد دژی خه‌ڵکی کوردستان‌و سه‌رکوت‌و کوشتاری خه‌ڵکی تورکه‌مه‌ن سه‌حراو خوزستان یه‌که‌م دیاریی رژێمی کۆنه‌په‌رستی تاران بۆ ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی نیشته‌جێی ئێران بوو.
ته‌نیا ساڵ‌ونیوێک به‌سه‌ر ته‌مه‌نی ئه‌و کۆماره‌دا تێپه‌ڕیبوو که به‌هۆی سیاسه‌تی ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی شۆڕش '' صدور انقلاب'' گه‌لانی ئێران تووشی شه‌ڕێکی نه‌خوازراو له گه‌ڵ وڵاتی عێراق بوون که ئه‌وێش ملهوڕو دیکتاتۆڕێکی وه‌ک سه‌دام حوسێن حوکمی تێدا ده‌کردو له به‌هانه‌یه‌ک ده‌گه‌ڕا رێکه‌وتننامه‌ی 1975ی ئه‌لجه‌زایر هه‌ڵوه‌شینێته‌وه و قسه‌کانی خومه‌ینی له یه‌که‌مین ساڵرۆژی سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران له‌مه‌ڕ (صدور انقلاب) ئه‌و هه‌له‌ی بۆ سه‌دام ره‌خساند.
شه‌ڕی ئێران و عێراق هه‌شت ساڵی خایاند و ئاکامه‌که‌ی بۆ گه‌لانی ئه‌و دوو وڵاته سه‌دان‌هه‌زار کوژراو و بریندار‌و ملیۆنان ئاواره‌و ده‌ربه‌ده‌ر و وێران بوونی شار‌و گونده‌کانی سه‌ر سنووری هه‌ردووک وڵات بوو.
له‌ماوه‌ی شه‌ڕی ئێران و عێراق‌دا هه‌رچه‌شنه ناڕه‌زایه‌تی‌ده‌ربڕینێک به‌ری پێگیرابوو و پاساوی هه‌موو ئه‌وانه‌ش ئه‌وه بوو که وڵات له شه‌ڕدایه‌و دوای شه‌ڕ هه‌موو گیروگرفته‌کان چاره‌سه‌ر ده‌کرێن.
کۆماری ئیسلامی ئێران به ره‌چاوکردنی سیاسه‌تی درۆ‌و فریودان هه‌شت ساڵ له به‌ره‌کانی شه‌ڕ سه‌ربازو پاسداره‌کانی فریو ده‌داو له له‌نێوخۆی وڵاتیش گه‌لانی ئێران. به‌سه‌دان ئیمامی نورانی له جه‌بهه‌کان دروستکردو وه‌پێش پاسداری ساویلکه‌ی‌دان‌و وه‌سه‌ر مه‌یدانی مینی‌په‌ڕاندن و په‌یتا په‌یتا به‌ڵێنی رزگار کردنی که‌ربه‌لا و پاشان چوونه قودسی به‌وێدا، به هێزه‌کانی ده‌دا و مزگێنی باشبوونی باری ئابووریی و نه‌مانی بێکاریی و... به خه‌ڵکی پشتی به‌ره‌کانی شه‌ڕده‌دا.
پاش تێپه‌ڕینی هه‌شت ساڵ نه‌ک هه‌ر که‌ربه‌لایان بۆ رزگار نه‌بوو، به‌ڵکوو ئیمام خومه‌ینیش ناچار بوو پیاڵه‌ی ژه‌هری سولح هه‌ڵقوڕێنێ و ئاواتی رزگارکردنی که‌ربه‌لا به‌رێته بن گڵ.
شکانی ئێران له شه‌ڕ له‌گه‌ڵ عێراق‌دا، کاربه‌ده‌ستانی هێنایه‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه که ئه‌وان ده‌بێ له باری نیزامییه‌وه خۆیان به‌هێز بکه‌ن و ببنه یه‌که‌م هێزی نیزامیی ناوچه‌که.
ئه‌م بیره به چه‌ند هۆ ببووه ستراتێژی ئاخونده‌کان و له‌و پێناوه‌دا له هه‌موو بوارێکه‌وه که‌وتنه خۆ بۆ وه‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه که کۆتاییه‌که‌ی به دروستکردنی بۆمبی ئه‌تۆم به‌ئاکام ده‌گا.
لێره‌دا حه‌ول ده‌ده‌م مه‌به‌سته شاراوه‌کانی کۆماری ئیسلامیی ئێران له سازکردنی چه‌کی ئه‌تۆمیی بێنمه به‌رباس.
یه‌که‌م:
دابینکردنی زه‌مانه‌تی ئه‌وه‌ی که له لایه‌ن ولاتانی دراوسێ‌و هی دیکه‌وه، هێرش بۆ سه‌ر کۆماری ئیسلامیی ئێران بیری لێناکرێته‌وه و به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان قه‌ڵغانێکی به‌رگریی بۆ خۆی سازبکا.
دووهه‌م:
کۆماری ئیسلامیی ئێران ته‌نیا وڵاتێکه که ئیدیعای رێبه‌ریی شێعه‌کانی جیهان(به قسه‌ی خۆیان موسوڵمانانی جیهان) ده‌کا و خۆی به ده‌مڕاستی ئه‌وان ده‌زانێ و هه‌وای ئه‌وه‌ی له‌به‌رامبه‌ر وڵاته سوننی‌یه‌کانی ناوچه‌دا قه‌ڵایه‌ک بێ بۆ شێعه‌کان له زه‌مانی سه‌فه‌وییه‌کانه‌وه که‌ڵکه‌ڵه‌ی بیری وانه.
هه‌بوونی خه‌ڵکی شێعه مه‌زه‌ب له زۆر وڵاتی ناوچه‌که‌دا، بۆ ئێرانێکی به‌هێز و ته‌یار به چه‌کی ئه‌تۆمی، هه‌ر کات بیهه‌وێ ده‌توانێ ئه‌م خه‌ڵکه له دژی حکومه‌ته سوننی مه‌زه‌به‌کان هان‌بدا و وه‌ک کارتی فشار بۆ سه‌ر ئه‌وان که‌ڵکیان لێوه‌رگرێ. هه‌ر ئێستا له یه‌مه‌ن شه‌ڕ له نێوان حکومه‌ت و حوسی‌یه شێعه‌مه‌زه‌به‌کانی ئه‌و وڵاته به‌رده‌وامه‌و ئه‌م رۆژانه پاپۆڕێکی ئێرانی له لایه‌ن حکومه‌تی یه‌مه‌نه‌وه ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه که چه‌کی بۆ حوسی‌یه‌کان ده‌برد.
له وڵاتانی: ئه‌فغانستان، پاکستان، ئازه‌ربایجان، عێراق، سوریه، لوبنان، کووه‌یت،عه‌ره‌بستانی سعوودی، به‌حره‌ین و یه‌مه‌ن، حه‌شیمه‌تێکی زۆری شێعه‌مه‌زه‌ب ده‌ژین که ده‌توانن له درێژخایه‌ن‌دا، مه‌ترسیی له‌سه‌ر حکومه‌ته‌کانیان که زۆربه‌یان سونیین دروست بکه‌ن.دیاره ئه‌وه‌شمان له‌به‌ر چاوبێ که له عێراق شێعه‌کان حکومه‌تیان به‌ده‌سته.
سێهه‌م:
خاوه‌ندارییه‌تی چه‌کی ئه‌تۆمی له ناوچه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندی وه‌ک رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، جێگه‌و پێگه‌ی هه‌روڵاتێک قایم ده‌کا و ده‌توانێ جگه له که‌ڵه‌وه‌کێشی، باجگیریشی پێبکا.
زیاتر له حه‌فتا له‌سه‌دی نه‌وتی وڵاتانی که‌نداو به باریکاوی هورموزدا تێده‌په‌ڕێت و ئێرانی ئه‌تۆمی ده‌توانێ به پێی پێویست و هه‌لومه‌رج شه‌رته‌کانی خۆی به‌سه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌دا بسه‌پێنێ که به‌و رێگایه‌دا نه‌وت ده‌نێرنه بازاڕه‌کانی دنیا و هه‌ر کات بیهه‌وێ قه‌یرانێکی ئابووری به‌سه‌ر ناوچه‌که و جیهان‌دا بسه‌پێنێ.
له ناو ته‌واوی وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست‌دا ته‌نیا وڵاتی ئیسرائێل( رانه‌گه‌یه‌نراو له لایه‌ن خۆیه‌وه) خاوه‌نی چه‌کی ئه‌تۆمییه و به هۆی ئه‌و چه‌که‌شه‌وه هه‌یبه‌ت و باڵاده‌ستی خۆی به‌سه‌ر دراوسێکانیدا پاراستووه.
چواره‌م:
بێتوو کۆماری ئیسلامیی ئێران، ببێته خاوه‌نی چه‌کی ئه‌تۆمی، پارسه‌نگی هێز له ناوچه‌که تێکده‌چێ و کێبه‌رکێیه‌کی مه‌ترسیداری خۆ پڕچه‌ک کردن له نێوان وڵاتانی ناوچه‌دا ده‌ستپێده‌کا.
وڵاتانی میسر و عه‌ره‌بستان و ئۆردۆن و تورکیه، که هاوپه‌یمانی ئه‌مریکا و رۆژئاوان، ئه‌وانیش حه‌ول ده‌ده‌ن خۆیان به چه‌کی ئه‌تۆمیی ته‌یارکه‌ن. ئه‌و کاره‌ش به مانای کۆتایی هه‌یبه‌ت و باڵاده‌ستیی ئیسرائیل ده‌بێ له باری نیزامییه‌وه و ئیسرائیل به‌هۆی چه‌ند دراوسێی ئه‌تۆمییه‌وه گه‌مارۆ ده‌درێ و ئه‌وه‌ش مانه‌وه‌ی وڵاتی ئیسرائیل له درێژ خایه‌ندا ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه.
پێنجه‌م:
ئێرانی ئه‌تۆمیی ده‌بێته پشت‌وپه‌نای تیرۆریسته‌کانی ناوچه‌و جیهان و ئه‌مجاره‌یان راشکاوانه‌و به بێ ترس و دڵه‌ڕاوکێ ئه‌و تاقم و ده‌سته تیرۆریستییانه‌ی سی ساڵه گه‌رای خستوون وه‌گه‌ڕ ده‌خاو به که‌یفی خۆی بۆ زه‌خت و فشار هێنان بۆ سه‌ر نه‌یارانی که‌لکیان لێوه‌رده‌گرێ.
شه‌شه‌م:
ئامانجی کۆماری ئیسلامی ئێران له وه‌ده‌ست خستنی چه‌کی ئه‌تۆمیی جگه له ده‌سته‌به‌ر کردنی دڵنیاییه‌کی ئه‌منییه‌تی و زه‌مانه‌تێک بۆ مانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات، بوونه زلهێزی ناوچه‌که و به‌کرده‌وه بوون به شه‌ریکی زلهێزه‌کانی جیهانه له خێروبێری ناوچه‌که. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش رژێمی ئێران هه‌ر چه‌شنه فرتوفێڵێک، هه‌ر له ته‌قییه را بگره هه‌تا پاشه‌کشه‌ی تاکتیکی بۆ گه‌یشتن به ستراتێژی‌یه نیزامییه‌که‌ی به‌کار دێنێ.
جیاوازی ئێرانی ئه‌تۆمیی و پاکستان و کوره‌ی باکووری له هه‌ڵکه‌وتی جۆغرافیایی ئه‌و وڵاتانه‌دایه،پاکستان و کووره‌ی باکووری دوو وڵاتی هه‌ژارن و له شوێنێک هه‌ڵکه‌وتوون که جارێ مه‌ترسیی نین بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتانی سه‌نعه‌تی و هیچ مه‌ترسییه‌کیان بۆ سه‌ر رێگای هاتووچۆی نه‌وت و وزه نیه. به‌لام ئێران له شوێنێک هه‌ڵکه‌وتووه که رۆژانه زیاتر له نیوه‌ی وزه‌ی پێویستی وڵاتانی سه‌نعه‌تی به سنووره ئاوییه‌کانی ئێران‌دا تێده‌په‌ڕێ.
به کورتی کۆماری ئیسلامیی ئێران تا ئێستا به بێ چه‌کی ئه‌تۆمیش سه‌رێشه‌و و گیروگرفتی بۆ نه‌ته‌وه‌کانی خۆی له‌لایه‌ک و وڵاتانی نه‌یاری دروستکردووه، جا ئه‌وه خه‌ریکه به چه‌کی ئه‌تۆمییش ته‌یار ده‌بێ، تۆ بڵێی جیهانی دوای ئه‌تۆمی ئاخوندی جیهانێکی ئارام و دوور له مه‌ترسیی بێ؟!
که‌ماڵ گروێسی
2009-10-28

کوردستان له نێوان دوو سه‌فه‌ردا.
مانگی گه‌لاوێژی ساڵی 1368 بۆسه‌ردانی هاوڕێیانی حیزبی له وڵاتی سوئێد را گه‌ڕامه‌وه باشووری کوردستان. له رێگای فرۆکه‌خانه‌ی به‌غداوه گه‌یشتینه وڵاتی عێراق. 3 که‌س بووین، ئه‌من و کاک عه‌زیزی ئه‌فسه‌ردلێر و کاک نه‌جمه‌دینی غوڵامی که ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه بوو. کاتێک له فرۆکه‌خانه وه‌ده‌رکه‌وتین بایه‌کی گه‌رمی ده‌هات ده‌تگوت بای ده‌زگای قژ ویشک کردنه‌وه‌یه. نوێنه‌ری حیزب وه‌ریگرتین و بردیانینه هوتێل سنه‌وبه‌ر له به‌غدایه. دوو رۆژ له به‌غدا ماینه‌وه، له‌و دوو رۆژه‌دا ئه‌من جگه له ئاو هیچی دیکه‌م بۆ نه‌ده‌خوراو و ته‌نیا ئاوم ده‌خوارده‌وه. ئێواران له هوتێل ده‌هاتینه ده‌رێ و ده‌چووینه ناو شه‌قام وبازاڕ.
کارم ببووه ئاو کڕین، ئاوفرۆش هه‌بوون گۆزه‌یه‌کیان به به‌رسینگی خۆیانه‌وه هه‌ڵاوه‌سیبوو، شتێکی وردیی زه‌ردیان تێکردبوو، لیوانی به چه‌ند فلسان بوو، نه‌مده‌زانی، مستێکم قه‌ڕه‌پوڵ له لاوێچم ده‌کرد و له پێش کابرای ئاو یان شه‌ربه‌ت فرۆشم راده‌گرت و ئه‌ویش مافی خۆی هه‌ڵده‌گرت.
رۆژی سێهه‌م به‌ره‌و کوردستان وه‌ڕێ که‌وتین.تا گه‌یشتینه سنووری کوردستان و کێوی حه‌مرین، هه‌موو جێگه‌یه‌ک ئاوه‌دان و خه‌ڵک خه‌ریکی کاروباری ئاسایی و رۆژانه‌ی خۆیان بوون. له که‌رکووک له زۆر شوێن خانووی رووخا‌و، خه‌ڵکێکی بێ‌ناز(دیاره کورده‌کان) وه‌به‌ر چاو ده‌هاتن.به‌ڵام له که‌رکووک به‌ولاوه به ده‌گمه‌ن تووشی شوێنی ئاوه‌دان و خه‌ڵکی دڵخۆش ده‌بووین.
قاوه‌خانه‌کانی سه‌ر رێ که جاران شوێنی حه‌سانه‌وه بوون، یان داخرابوون یان خاپوورکرابوون. له شوێنی گوند و دێهاته‌کان کۆما کۆما خۆڵ و به‌رد ودارو په‌ردوو که‌وتبوونه سه‌ریه‌ک و بێ سرنجدانی تایبه‌تی، بۆت ده‌رده‌که‌وت که ئه‌و شوێنانه به تایبه‌ت و به به‌رنامه‌وه وێران کراون.
گه‌یشتینه شاری سوله‌یمانییه، ئه‌و شاره‌ی سه‌رده‌مانێک کانگای شادی و پێکه‌نین بوو، خه‌لکێکی به ده‌ماغ و قسه‌خۆش و به که‌یفی تێدابوو، ئێستا ده‌تکوت خه‌می به‌سه‌ردا باریوه‌و قه‌ت خۆشی به خۆیه‌وه نه‌دیوه. له دار‌و دیواری غه‌م و په‌ژاره ده‌باریی. هه‌ناسه‌ی خه‌ڵکه‌که بۆسۆی لێهه‌ڵده‌ستا و تروسکه له چاوان تۆرابوو. ده‌نگه‌کان کپ بوون و چاوه‌کان هاواریان ده‌کرد،زمان له گۆ که‌وتبوو، دڵه‌کان پێکه‌وه ده‌دوان.
له سوله‌یمانییه که ببووه مه‌کۆی هه‌موو ئه‌وانه‌ی له هه‌ڵمه‌ته‌کانی ئه‌نفال و کیمیاباران و کوردقران رزگاریان ببوو، تێپه‌ڕین. گه‌یشتینه رانیه و له‌وێشڕا به‌ره‌و دۆڵه ره‌قه و سه‌ر‌که‌پکان و قه‌ڵاسه‌یده وه‌رێکه‌وتین. بنکه‌ی ده‌فته‌ری سیاسی حیزب و ناوه‌نده‌ی 2ی کوردستان له‌و مه‌ڵبه‌نده بوو. ئه‌و رۆژه به دیداری هاورێیان و هه‌واڵانی پیشمه‌رگه شاد بووینه‌وه،به‌ڵام ئه‌وانیش غه‌مێکی قووڵ له گۆمی چاوه‌کانیاندا گه‌رای خستبوو.
ئه‌و مه‌ڵبه‌نده‌ی ده‌ڵێی به‌هه‌شته و خه‌ڵکی دیکه به‌سه‌دان ساڵ نوێژێ ده‌که‌ن و به رۆژوو ده‌بن تا دوای مردنیان بچنه جێگه‌یه‌کی وا، وه‌ها بێ‌ناز که‌وتبۆوه، ده‌تکوت خۆڵیان به‌سه‌ردا دابێژتووه. دێهاته‌کانی ئه‌وێش له لایه‌ن سپای دژی کوردی حکومه‌تی به‌عس و سه‌دام حوسێنه‌وه چۆل و وێران و تالان کرابوون. خه‌ڵکه‌که‌یان له چه‌ند ئۆردوگای زۆره‌ملیی په‌ستاوتبوو بۆ وه‌ی هه‌رکات خوێنخۆری به‌غدا ئیراده‌ی کرد، بۆی بکرێنه قوربانیی و به‌رنامه‌ی کورد قڕانه‌که‌ی تۆکمه‌تر بکا. زاڵم بۆی نه‌دکرا شاخه‌وشاخ به‌دوای کورد دا بگه‌ڕێ و راویان‌کا، ئه‌وه‌ی بۆی گیرابوو هه‌مووی له قه‌فه‌سی ئۆردوگاکان کردبوو.
ماوه‌ی سی مانگ له‌و مه‌ڵبه‌نده مامه‌وه‌و رۆژانه له‌و ده‌وروبه‌ره زۆر جێگا ده‌گه‌ڕام و ئاواتم ئه‌وه بوو گوندێک یان هه‌وارێک ببینم، به‌ڵام هه‌یهات، له‌وێش هه‌موو ئاوه‌دانییه‌ک وێران کرابوو، ته‌نانه‌ت هۆڵ و ته‌ویله و مزگه‌وته‌کانیشیان به‌سه‌ر یه‌کدا داته‌پاندبوو.
رۆژێک له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێی پێشمه‌رگه به‌ته‌مای سه‌فه‌ری لای سونێ بووین، له قه‌راغ شاری رانیه،به‌ره‌و سه‌رسه‌نگ و قه‌ڵادزێ له پێچی جاده‌که‌دا پۆستێکی پشکنین داندرابوو، ماشێنێکی سواری‌یان له ته‌نیشتی لای چه‌پی جاده‌که راگرتبوو، کوڕه‌کوردێکی جحێڵیان دابه‌زاندبوو. ئێمه‌ش شوشه‌ی په‌نجه‌ره‌ی ماشێنه‌که‌مان داداوه که وه‌ڵامی پرسیاری عه‌سکه‌ره‌که بدینه‌وه، هه‌تا شۆفیره‌که عه‌سکه‌ری تێگه‌یاند که ئێمه کێین و بۆ کوێ ده‌چین، ئه‌من له پشته‌وه‌ی ماشێنه‌که که شوشه‌که‌م دادابۆوه، گوێم لێ‌بوو، کوڕه‌کورده‌که به ئه‌وه‌ی رایگرتبوو، ده‌کوت: به ساقه‌ت بم(به سه‌ده‌قه‌ت بم) هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م ئیزن بده له‌مدیو ئه‌و گرده‌وه چاوێک له‌و مه‌ڵبه‌نده ده‌که‌م و ده‌گه‌رێمه‌وه، ئه‌من هه‌موو یادگارییه‌کانم له‌وێن، خه‌ریکه شه‌ق ده‌به‌م، تۆ خودا ئیزنم بده‌ن با جارێکی دیکه چاوم به‌و ناوچه‌یه بکه‌وێته‌وه، به‌ڵام کابرای عه‌سکه‌ر هه‌ربه خه‌یاڵیشی دانه‌ده‌هات و گاڵته‌ی به کوڕه‌که ده‌کرد. زۆرم زگ به کوڕه‌که سووتاو ئاواتم ئه‌وه بوو بتوانم یارمه‌تی بده‌م، به‌ڵام نه‌ده‌کرا.
ئێمه کاره‌که‌مان جێ به جێ بوو، له پۆستی پشکنینه‌که تێپه‌ڕین و به‌ره‌و ئه‌و مه‌ڵبه‌نده‌ی ئه‌و کوڕه جحێڵه ئاواتی بوو، رۆیشتین. ئه‌وێش هه‌ر وێران و تێکروخێندرابوو. به‌ڵام سروشته‌که‌ی جوانیی خۆی پاراستبوو، هه‌ر وه‌ک جاران دڵرفێن بوو.کێوی سه‌رکه‌ش بناری پڕ ره‌وه‌ز، لێڕه‌وار و رووته‌ن هه‌مووی هه‌ر جوان بوون.
گه‌یشتینه قه‌ڵادزێ، ئه‌و شاره‌ی له هه‌موو مێژووی خۆیدا، دوژمنان و داگیرکه‌رانی کوردستان زه‌فه‌ریان پێی نه‌بردووه‌و وه‌ک قه‌ڵایه‌ک خۆی راگرتووه. به‌ڵام سیمای شاره‌که وه‌ک روخساری خه‌ڵکه‌که‌ی، مۆن، گرژ، داڕووشاو و بریندار بوو. به‌عس خانووه‌کانی به‌سه‌ر یه‌کدا داته‌پاندبوو، زۆر شوێنیان به تی ئێن تی ته‌قاندبووه‌وه و سروشتی شاره‌که‌یان شێواندبوو. داروبه‌رد به‌زمانی بێ‌زمانی قسه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کردین، ده‌تکوت پێمان ده‌ڵێن ئه‌و رۆژانه‌مان له‌بیرمه‌که‌ن و بۆ داهاتووانی بگێڕنه‌وه.
له قه‌ڵادزێ جگه له هه‌ڵوه‌راندنی فرمێسک و ده‌ردانی ئاهی ده‌روون چمان بۆ نه‌کرا، به‌ڵام وێنه‌کانمان جگه له کامێراکان، له مێشکیشماندا زه‌بت کرد و هه‌تا هه‌ناسه‌مان بێت، ئه‌و دیمه‌نانه به هیچ شتێک له زه‌یندا ناشۆرێنه‌وه.
هاتینه‌وه مه‌ڵبه‌ندی خۆمان له رانیه و ده‌وروبه‌ری قه‌ڵاسه‌یده. له‌و مه‌ڵبه‌نده ته‌نیا پێشمه‌رگه‌ی لێ‌ده‌ژیا، ئه‌ویش پێشمه‌رگه‌ی هێزه به‌رهه‌ڵستکاره‌کانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. کاتێک له رانیه را به‌ره‌و دۆڵه ره‌قه ده‌چوین، هه‌ستێکی سه‌یرمان هه‌بوو، ده‌تکوت له کۆمه‌ڵگه هه‌ڵده‌بڕێین، بۆن و به‌رامه‌ی غه‌ریبی، ته‌نیایی و چۆله‌وانیی دایده‌گرتین.
ماوه‌ی سێ مانگ له دۆڵه ره‌قه و له لای سه‌رکردایه‌تیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران،رێبه‌رایه‌تی شۆڕشگێڕ ماینه‌وه، ماوه‌ی سه‌فه‌ره‌که‌مان کۆتایی پێهات و ده‌بوو به‌ره‌و وڵاتی سوئێد بگه‌ڕێینه‌وه. به‌یانییه‌ک ساز بوین و له قه‌ڵاسه‌یده را هاتینه سوله‌یمانییه و له‌وێشڕا به‌ره‌و به‌غدا و پاشان هاتینه‌وه سوئێد.
بیست ساڵ تێپه‌ڕیی، له ماوه‌ی ئه‌و بیست ساڵه‌دا زۆر ئاڵوگۆڕ به‌سه‌ر جیهان و کوردستان‌دا هاتبوو. رژێمی به‌عس به‌هۆی تێسره‌واندنی زه‌بری گورچووبڕ له لایه‌ن ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانانه‌وه رووخا‌و و خرایه زبڵدانی مێژووه‌وه. سه‌دام حوسێنی شێری عه‌ره‌بانیان له کونێک هینا ده‌رو پاشان له‌داریان‌دا. عێراق به‌کرده‌وه له لایه‌ن ئه‌و هێزانه‌وه به‌رێوه ده‌چوو که زه‌مانێک به‌شێکی زۆری هێزه‌کانیان له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی عێراقه‌وه جموجۆڵی سیاسی و نیزامیی‌یان ده‌کرد و بێ‌شک ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌یان به خه‌یاڵیشدا نه‌ده‌هات. پێشمه‌رگه نه‌ک هه‌ر له کوردستان، به‌ڵکو له به‌غداش ئه‌رکی پاراستنی کارگێڕو کاربه‌ده‌ستانی حکومه‌تی نوێ‌یان به ئه‌ستۆوه بوو.
رۆژی پێنجی مانگی پێنجی ساڵی 2009 هاوڕێ له‌گه‌ڵ دۆستێکم به ناوی کاک خالید فه‌لاح‌زاده بڵیتی ته‌یاره‌مان کڕیی و گه‌ڕاینه‌وه کوردستان ، له ستۆکهۆڵمه‌وه بۆ فرۆکه‌خانه‌ی هه‌ولێر! راسته‌وخۆ به که‌متر له 5 سه‌عات! باوه‌ڕم نه‌ده‌کرد، کاتێک گه‌یشتینه سه‌ر ئاسمانی کوردستان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌ب له‌سه‌ر خاکی کوردستان تارابوو، به‌ڵام ئاسمانی کوردستان به ته‌پ و تۆزی ره‌ڵمی عه‌ره‌بستان سوور هه‌ڵگه‌ڕابوو. کاتێک فرۆکه‌که‌مان له سه‌ر هێڵی نیشتنی فرۆکه‌خانه‌ی هه‌ولێر نیشت و هاتینه خوار، به‌شی خزمه‌ت و راگوێزتنی مسافیره‌کان، به مینی بوس هاتن و مسافیره‌کانیان راگوێزت.
له به‌شی پشکنین و کۆنترۆڵی پاسپۆرت زۆر به حورمه‌ته‌وه وه‌رگیراین و له فرۆکه خانه چووینه‌ده‌ر. هاوڕێ کاک خالید وه‌نه‌وشه له شوێنی وه‌رگرتنی مسافیره‌کان چاوه‌ڕێمان بوو. بیست ساڵ بوو ئه‌ویشمان نه‌دیتبوو، سه‌رو سمیڵی جگه له ته‌پ‌وتۆزی خۆڵبارینی ئه‌و رۆژه‌ی هه‌ولێر، تۆزی ته‌مه‌نیشی لێنیشتبوو،به‌ڵام هه‌روه‌ک جاران توندوتۆڵ و چوست و چالاک بوو. سوار بوین و به‌ره‌و ناوشاری هه‌ولێر وه‌رێکه‌وتین. له زۆر شوێن ئاڵای کوردستان ده‌شه‌کاوه.
هه‌ولێر زۆر گۆڕابوو، شارێکی زیندوو، ئاوه‌دان و پڕحه‌شیمه‌ت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی شه‌و دره‌نگ بوو، به‌ڵام کوڕ و کچ و پیروجوان له پارک و شه‌قامه‌کانی هه‌ولێر سه‌ربه‌ستانه ده‌سووڕانه‌وه. له هه‌ولێر نه‌ماینه‌وه و یه‌کڕاست به‌ره‌و کۆیه واته شوێنی مه‌فه‌ره‌کانی حیزب وه‌رێ که‌وتین. رێگاوبان خۆش وئه‌مین بوون. بۆ من که ده‌سه‌لاتی زه‌مانی به‌عسم له‌و ناوچه‌یه که‌م‌تاکورتێک دیتبوو،جێگای سه‌رسورمان بوو، ئه‌و ده‌م ئه‌و کاتانه که‌س نه‌یده‌وێرا به رێگاوبانان دا ماشێن لێخوڕێ.
گه‌یشتینه کۆیه و له‌وێشڕا چووینه ئازادی، مه‌ڵبه‌ندی قاره‌مانانی ئازادیخواز که سه‌رده‌مانێک ئه‌و خه‌ڵکه زراوی جاش و پاسداره‌کانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بردبوو. به‌ڵام ئێستا له‌به‌ر پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، ده‌تکوت پۆلێک هه‌ڵۆن به تۆڕی به‌رژه‌وه‌ندییه‌وه بوون.
ماوه‌ی دوو حه‌وتوو له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی کوردی له باشووری کوردستان ماینه‌وه، رۆژانه شاهیدی شه‌کانه‌وه‌ی ئاڵای کوردستان بوین‌و هه‌وای ئازادی‌مان هه‌ڵده‌مژت. سه‌ردانی زۆربه‌ی ئه‌و شوێنانه‌م کرد که بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به وێرانکراوی دیتبوومن. به‌ڵام ئه‌مجاره ئاوه‌دان و سه‌رسه‌وز و سه‌ربه‌ست بوون. کوردستان ده‌تکوت زامدارێکه، له مردن رزگاری بووه و خه‌ریکه ده‌که‌وێته‌وه سه‌ر پێ و هێزو گوڕی دێته‌وه‌به‌ر.
سوله‌یمانیه‌و به‌رده‌رکی سه‌را، رانیه‌ی ده‌روازه‌ی راپه‌رین، هه‌ولێر و کۆیه و دۆڵه ره‌قه، هه‌ر هه‌موویان ئاوه‌دان و بوژاوه‌و و پرحه‌شیمه‌ت بوون. ئه‌و دۆڵه ره‌قه‌ی بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئیواران بۆنی چۆله‌وانی لێده‌هات، ئێستا بۆ به‌جێ هێشتنی لاقه‌کانمان له‌دوا نه‌ده‌هات و دڵ له‌وێ به‌ند بوو.
هیوادارم کوردستان هه‌ر ئاوه‌دان و خه‌ڵکه‌که‌ی سه‌رکه‌وتوو بێ و نه‌خشه له پارچه‌کانی‌تری کوردستان بێ که رۆژێک له‌مپه‌رێک به‌ناوی سنوور له‌شی کوردستان نه‌ڕووشێنێ و نه‌مێنێ.
2009/07/21
که‌ماڵ گروێسی








هاتنی ساڵی 2709 ی کوردی و پیره نه‌ورۆزتان پیرۆزبایی لێده‌که‌م و هیوادارم ئه‌م ساڵ ساڵی سه‌رکه‌وتنی نه‌ته‌وه‌که‌مان بێ.
به‌وهیوایه‌ی ساڵی داهاتوو، رۆژی نه‌ورۆزێ له دوندی کوێستانه‌کانی وڵاتی خۆمان ئاوری نه‌ورۆزێ بکه‌ینه‌وه.
که‌ماڵ
خەزاڵ
کانی ئاسمانهاوینی ساڵی 1361ی هه‌تاویی بوو. جاده‌ی سه‌رده‌شت- مه‌هاباد له‌ژێر ده‌ستی پێشمه‌رگه‌کانی کوردستان‌دا بوو. دژمن له لای مه‌هاباده‌وه تا ئاوایی عه‌وڵاکورده هاتبووه پێش و له به‌رزاییه‌کانی نیوان '' عه‌وڵا کورده'' و '' گیادروان'' مۆڵگه‌ی دانابوو. له عه‌وڵاکورده به‌ره‌و ژوور له ژێرده‌سه‌ڵاتی پێشمه‌رگه‌دا بوو. لکی3ی شه‌هید برایمی ساڵه‌موقه‌ده‌م له هێزی 21ی شه‌هید‌پێشه‌وا ئه‌رکی پاراستنی جاده‌ی مه‌هاباد – سه‌رده‌شتی له ده‌راوی'' کانیه‌ره‌ش'' تا نیزیک قاوه‌خانه‌ی عه‌ولاکورده‌ی به‌ئه‌ستۆوه بوو. بنکه (مه‌قه‌ڕ)ی ئه‌رکانی لکی3 له ئاوایی خه‌لیفان بوو. خه‌لیفان له ده‌شتی نێوان کیتکه، گۆلان، کانی‌میران، کۆره‌گێ، یاڵته‌مر، قۆیته‌ڵ و شاره‌زوور هه‌ڵکه‌وتووه. جاده‌ی نێوان کیتکه وکانی‌سێو به ته‌نیشت خه‌لیفان‌دا تێده‌په‌ڕیی. ئه‌وکات لکی3 دوو ده‌سته‌ی به ناوه‌کانی ده‌سته‌ی شه‌هیدانی موسه‌وی‌فه‌ڕ و ده‌سته‌ی شه‌هید تالی هه‌بوو. حه‌وت په‌لیشی هه‌بوو به ناوه‌کانی: په‌لی شه‌هیدان،په‌لی هه‌ڵۆ، په‌لی بێکه‌س، په‌لی باڵغی،په‌لی خوێنی کوردستان‌و په‌لی رزگار، په‌لی شێرکۆ .هه‌رده‌سته‌یه‌ک به نۆره ده‌بوو به ئاواییه‌کانی ئه‌وبه‌ره‌وبه‌ری جاده‌ی مه‌هاباد سه‌رده‌شت‌دا جه‌وله بکا و جموجۆڵی هیزه‌کانی رژێم بخاته ژێرچاوه‌دێری. له یه‌کێک له‌و جه‌ولانه‌دا ده‌سته‌ی ئێمه واته ده‌سته‌ی شه‌هیدانی موسه‌وی‌فه‌ڕ، پێمان ئه‌سپێردرا له جه‌واڵه‌ره‌شان‌ڕا هه‌تا نیزیک قاوه‌خانه‌ی عه‌وڵاکورده سه‌ری هه‌موو ئاواییه‌کانی ئه‌وبه‌ره‌وبه‌ری جاده بده‌ین. ئه‌و ئاواییانه بریتی بوون له: کامه‌م، دۆڵپهمۆ، ڕه‌فته، شۆڕاوا، سڵۆک، ئافان، ئامێد، سوران که ته‌نیا ماڵێک بوو، کاوه‌یس، مازه‌ڵه، گوڵیار،خڕه‌جۆ، قۆزلوجه، گیادروان.ئێمه شه‌وانه تا به‌ری‌به‌یانان له نێو ئاواییه‌کان ده‌ماینه‌وه و پیش‌رووناک بوون، ده‌چوینه به‌رزاییه‌کانی ده‌وری ئاوایی. یه‌کێک له‌و به‌رزاییانه‌ی زۆریان ده‌چوینێ، '' ئه‌حمه‌دکاوڕ'' کیفاراوێ'' و '' بۆگه‌نیوه'' بوون. ئه‌حمه‌دکاوڕ له نیوان ئاواییه‌کانی دۆڵپهمۆ،گوڵیار، و مازه‌ڵه و خره‌جۆ و قۆزلوجه هه‌لکه‌وتووه. له‌سه‌ر ئه‌حمه‌دکاوڕی‌ڕا مۆڵگه‌ی عه‌وڵاکورده و جاده‌ی مه‌هاباد- سه‌رده‌شت هه‌تا جه‌واڵه‌ره‌شانمان لێ‌دیار بوو. کیفاراوێ که‌وتووه‌ته پشت ماڵێ ڕفته‌ی. بۆگه‌نیوه که‌وتووه‌ته نێوان ئاواییه‌کانی ئامێد، خاتوون‌ئه‌ستی، سوران و مڕانه و زیوه و سۆڵغه، دۆڵ‌به‌هار،مه‌حمودئاوا، سه‌رتان، سیاقۆڵی سه‌رێ، سمێنوێ.رۆژێک سه‌رده‌سته‌که‌مان سه‌رپه‌له‌کانی کۆکرده‌وه و چه‌ند سه‌عاتێک پێکه‌وه چوون بۆ هه‌ڵنان و زانیاری کۆکردنه‌وه له‌سه‌ر هاتووچۆی هێزه‌کانی رژێم له نیزیک عه‌وڵاکورده و کاوه‌یس. لای ئێوارێ هه‌موویان وه‌دیی هاتنه‌وه و به‌ره‌و ئاوایی خاتوون‌ئه‌ستی وه‌رێکه‌وتین. له‌خاتوون ئه‌ستی به‌سه‌ر ماڵان‌دا دابه‌ش‌کراین و سێ سێ و چوار چوار پێکه‌وه چووینه ماڵان. دوای نان وچا خواردنه‌وه له شوێنێک کۆده‌بوینه‌وه و کیشک و گه‌شت و که‌مینی به‌یانیمان داده‌ناو به‌ره‌به‌یانی زوو ده‌چووینه شاخی و کاتێک له نه‌بوونی دوژمن و جموجۆڵی خاترجه‌م ده‌بووین، ده‌گه‌ڕاینه‌وه ناودێ، به‌ڵام بۆ کارقایمی دوو یان سی‌که‌سمان له یه‌کێک له به‌رزاییه‌کان ده‌هێشته‌وه و ئه‌وانی دیکه ده‌هاتنه‌وه نێو‌دێ.ئه‌و رۆژه هیچمان نه‌هاتینه‌وه نیودێ و هه‌ر له به‌رزاییه‌کانی نێوان، زیندان‌ده‌رێ، خاتوون ئه‌ستی و سیاقۆڵی سه‌رێ ماینه‌وه. پاش‌نیوه‌ڕۆیه سه‌رپه‌ل و سه‌رده‌سته‌کانمان هاتن و کۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ کردین و بۆمان ده‌رکه‌وت دوێنی ئه‌وان چوون بۆ ''شناسایی'' و ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر جاده‌ی مه‌هاباد سه‌رده‌شت له نیزیک کاوه‌یس و عه‌وڵاکورده ده‌بێ له '' ئایفای'' هه‌ڵگری '' ته‌ئمینه‌کان''ی مۆڵگه‌ی عه‌وڵا کورده بده‌ین. ئه‌و کۆبوونه‌وه‌مان له به‌رقه‌دی شاخه‌که‌ی نیوان سیاقۆڵی‌سه‌رێ و خاتوون‌ئه‌ستی کرد و له‌سه‌رووی ئێمه کانیاوێکی ساردی لێ‌بوو که خه‌ڵکی ئاوایی پێ‌یان ده‌گووت کانی‌ئاسمان. ماڵه‌ئاغای دێی خاتوون‌ئه‌ستی کچێک‌یان هه‌بوو ئه‌ویش ناوی ئاسمان بوو،جا نازانم کامیان ناوه‌کانیان لێک وه‌رگرتبوو، کانی‌یه‌که به‌ناوی ئه‌و خاتوونه‌وه کرابوو یان ئه‌و به‌ناوی کانیاوه‌که. ده‌راوی کانیاوه‌که پنگه‌ڵان بوو. شینایی ده‌وروبه‌ری رێڕه‌وی کانیاوه‌که هه‌تا ده‌گه‌یشته دۆڵه‌کانی خوارێ بژوێن و چڕ‌وپڕ بوو. سه‌رووی کانیاوه‌که به‌رده‌ڵانێکی سپی بوو. هیشتا چه‌ند کاتژمێرێکی مابوو بۆ ده‌سپێکی '' عه‌مه‌لیاته‌که''.یه‌کێک له پێشمه‌رگه‌کان پرسی به‌و رووته‌نه‌ی‌دا چۆن خۆمان بگه‌یه‌نینه سه‌ر جاده و دوژمن پێمان نه‌زانێ؟ یادی به‌خێر عه‌لی ئه‌حمه‌د زاده ناسراو به عه‌لی‌یه چکۆل که به‌شداری ده‌وره‌یه‌کی فێربوونی به‌کارهێنانی تۆپ،خۆمپاره،نه‌خشه‌خوێندنه‌وه و گه‌راگرتن ببوو، باسێکی بۆ گێراینه‌وه که جێگای سرنج‌بوو. عه‌لی کوتی له‌و ده‌وره‌یه‌ی له ئاوایی کامه‌م داندرابوو مامۆستایه‌کمان هه‌بوو به‌شداری له شه‌ڕی'' زوفار''دا کردبوو. مامۆستاکه باسی تاکتیکێکی پارتیزانه‌کانی'' عومانی'' گێڕابۆوه که کاتی خۆی بۆ گرتنی مۆڵگه‌یه‌کی رژێمی ئه‌وکاتی عومان به‌کاریان هێنابوو. ئه‌و پارتیزانانه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شوێنی مۆڵگه‌که‌یان پێ نه‌زانیوه‌و ده‌وروبه‌ره‌که‌شی هێنده رووته‌ن و ده‌شت بووه نه‌یان توانیوه باش '' شناسایی'' ئه‌و مۆڵگه بکه‌ن، که‌رتکه مه‌ڕێکیان هێناوه‌وه بۆخۆشیان پێسته‌مه‌ڕیان له‌به‌ر کردووه و به‌و فێڵه مۆڵگه‌یان گرتووه. عه‌لی کوتی ئه‌و دیوی ئه‌م باسکه ده‌سته مه‌ڕێکی لێ ده‌له‌وه‌ڕی، ئیمه‌ش ده‌توانین به ماته‌ماته له‌سه‌ر ده‌ست و پییان برۆین تا له چاو مۆڵگه‌و ته‌ئمینه‌کان وون ده‌بین.ئێواره هات. سێبه‌ر به‌سه‌ر وڵاتی کشا. دۆڵه‌کان له بێده‌نگیی‌دا نوقم بوون. هه‌رکه‌س تونیی بوو چه‌ند لاوێچی له ئاوی سارد و سووکی کانی ئاسمان خوارده‌وه. به گه‌وه‌ی به‌ر کانییه‌که‌دا په‌رینه‌وه به‌رۆژه‌که‌ی ئه‌وبه‌ریی. یه‌ک یه‌ک و به سینگه خشکه له تیره‌گه‌که‌ی‌را به‌دیوی کاوه‌یسی‌دا شۆڕبووینه‌وه.ئه‌و جێیه‌ی ئێمه‌ی لێ بووین له شوێنی مه‌ڕه‌کان دوور بوو. شوانی مه‌ڕه‌که‌ش دیار نه‌بوو. ئێمه‌له‌م به‌ر و ده‌سته‌مه‌ڕیش له‌وبه‌ری خڕه‌که‌ی بوون. شوێنه‌که‌ش بۆوه‌ی نه‌ده‌بوو هه‌رای شوانه‌که‌ی بکه‌ین. پێشمه‌رگه‌یه‌کی قسه خۆشمان له‌گه‌ڵ بوو رووی له عه‌لی‌یه چکۆلی کرد و پرسی: عه‌لی ئه‌و پارتیزانانه‌ی عه‌مانێ مه‌ڕه‌که هی خۆیان بوو یان مه‌ڕی خه‌ڵکی؟ عه‌لی بزه‌یه‌کی هاتێ و کوتی نازانم.هێدی هێدی مه‌ڕه‌کان به‌له‌وه‌ڕ به‌ره‌و لای ئێمه‌هاتن و هیوایه‌کمان تێدا په‌یدا بوو. جێگاکه‌مان زۆر ته‌نگه‌به‌رو ناخۆش بوو. خودا خودامان بوو ئه‌و که‌رتکه مه‌ڕه بگاته به‌ری ئێمه‌و له نێوئه‌وان‌دا خۆمان حه‌شارده‌ین وبگه‌ینه قه‌راغ جاده‌ی.مه‌ره‌کان هاتنه به‌ری ئێمه و به‌رسینگه‌یان له‌ولاپاڵه‌ی گرت و پێی هه‌ڵگه‌ران. ئێمه‌ش له‌به‌ر به په‌له‌یی به‌نیو مه‌ڕه‌کان وه‌ربووین تا تێکه‌ڵیان بین،به‌لام مه‌ڕ قوشقی بوون وده‌رپه‌ڕین و هه‌ر یه‌که‌ی به‌لایه‌کدا کوڕه‌گوێ بوون. له نێوه‌ڕاستی په‌رێزه‌که‌دا مابووینه‌وه، هه‌رچۆنێک بێ خۆمان گه‌یانده خڕه‌که‌ی و به‌وێدا به‌ره‌و چۆم وجاده‌ی داگه‌ڕاینه خوارێ.زۆری پێنه‌چوو ماشێنێکی ئایفا و تویوتایه‌کی نیزامیی هاتنه به‌ر سێره‌مان. ته‌قه‌مان لێکردن و هه‌ردوو ماشێن خه‌راپ بوون.جاده‌که بڵێندتر له‌و جییه‌ی بوو ئێمه ته‌قه‌مان لێوه‌ده‌کرد. چه‌ند که‌سێکی نێوماشێنه‌که له لێواری جاده‌که خۆیان مه‌ڵاس‌دابوو و ته‌قه‌یان له ئێمه ده‌کرده‌وه. مۆڵگه‌ی دوژمن له عه‌وڵا کورده وه‌ک پیشه‌ی هه‌میشه‌یی خۆی وڵاتی وه‌به‌ر ره‌هێڵه‌ی گولله‌ی تۆپ و خۆمپاره‌دا و له جێ جێ بوو به هۆی سووتانی پوش وپه‌لاشی مه‌زراکان.له گه‌رمه‌ی شه‌ڕدا گرمه‌یه‌کی جیاواز له ته‌قینه‌وه‌ی تۆپ و خۆمپاره‌کان له باسکی نیوان خاتوون‌ئه‌ستی و مه‌زراکانی کاوه‌یس ڕاهات، له‌گه‌ڵ بیستنی ده‌نگی ئه‌و گرمه نامۆیه،ئه‌وانی له‌سه‌ر جاده‌ی بووین هه‌موومان بیرمان له یه‌ک شت کرده‌وه، ئه‌ویش ئه‌و سه‌نگه‌ره بوو که چه‌ند جارێک له لایه‌ن دوژمنه‌وه مین‌رێژکرابوو و هه‌موو جارێ مه‌ڕ و ماڵاتی خه‌ڵکی وه‌سه‌ر ده‌په‌ڕیی. پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سته‌یه‌مان به‌ره‌و جاده وه‌ڕێ که‌وین سێ پێشمه‌رگه‌مان له‌و باسکه‌ی دانا که پشتمان بگرن نه‌وه‌کا دوژمنی جێگر له مۆڵگه‌ی حاجی‌مامیان به‌لای زیندانده‌رێ‌دا پشتمان لێبگرێ. به‌ڵام زۆر به‌روونی به‌و سێ هاوڕێیه‌مان گوتبوو توخنی ئه‌و سه‌نگه‌ره نه‌که‌ون. به‌لام داخی‌گرانم کاتێک خۆمان گه‌یانده شوێنی گرمه‌که، یه‌کێک له‌و سێ پیشمه‌رگه‌ی پشتی ئێمه‌یان گرتبوو، به ناوی خالید چه‌ند میتر له‌ولای سه‌نگه‌ره‌که ده‌مه‌وڕوو که‌وتبوو. دوو پێشمه‌رگه‌که‌ی هاورێی هێنابوویانه دیوی خاتوون ئه‌ستی و سه‌ری له‌سه‌ر ڕانی یه‌کیان بوو. خالید سه‌ره‌رای ئه‌و برینه قورسه‌ی( هه‌ردوو لاقی په‌ریبوو، یه‌کیان له‌سه‌رووی چۆکی، ئه‌وی دیکه‌یان له‌خوار چۆکی‌یه‌وه) دروشمی : بژی کوردستان، بژی پیشمه‌رگه و بژی حیزبی دێموکڕاتی ده‌دا. خالیدم زۆر خۆشده‌ویست، له‌بن سه‌ری دانیشتم و ماچم کرد. له‌بیرمه هه‌تا ده‌راوی کانی‌ئاسمان له‌سه‌ر ده‌ستم بوو.هه‌ر دلخۆشیم ده‌داوه. پێشمه‌رگه‌کانی دیکه هه‌موویان ده‌یان ویست هه‌ڵیگرن. خالید خۆشه‌ویستی هه‌مووان بوو. به‌داخه‌وه خالید له‌ده‌راوی کانی‌ئاسمانێ چاوه‌کانی له‌سه‌ر یه‌ک دانان و زمانی بۆ هه‌میشه له گۆ که‌وت. شه‌هید بوونی خالید تامی عه‌مه‌لیاته‌که‌ی لێ تاڵ کردین. هه‌موو مات و بێواز بووین. له‌گه‌ڵ بۆلێڵی ئێوارێ گه‌یشتینه گوندی مڕانه. خالیدمان به خاکی کوردستان سپارد. دوای چه‌ند رۆژ دایکی شه‌هید خالید له کوره‌خانه‌ی‌ڕا گه‌ڕاوه. کاتێک دایکی شه‌هید خالید هات، ئێمه له هه‌واری‌مێرێ له سه‌رووی مڕانه و له بناری بۆگه‌نیوه‌ی بووین. خۆمان گه‌یاند لای‌و له‌گه‌ڵی چووین بۆ سه‌ر گلکۆی شه‌هید خالید. به‌دیتنی گڵکۆکه یه‌که‌م پرسیاری ئه‌وه بوو: ئه‌و قه‌بره بۆ ئه‌وه‌نده کورته، خۆ خالیدی من که‌ڵه‌گه‌ت بوو؟ پاش ئه‌وه‌ی کوڵی دڵی خۆی رشت، هێدی هێدی رووداوه‌که‌مان بۆ گێڕاوه. کاتێک ویستی بگه‌ڕێته‌وه بۆ لای بنه‌ماڵه‌که‌ی، ده‌سته‌کانی به‌ره‌و ئاسمان هه‌ڵێنان و کوتی خودایه ئه‌و پیشمه‌رگانه به‌تۆ ده‌سپیرم، ئه‌وانه هه‌موویان خالیدی منن. تاوێک دوای ئه‌م قسه‌یه‌ی جێبه‌که‌ی له ته‌پ‌وتۆزی رێگادا وون بوو، ئێمه‌ش به‌ره‌و هه‌واری مێرێ هه‌ڵگه‌ڕاین.که‌ماڵ
خەزاڵ
مانگی خه‌رمانانی ساڵی 1358ی هه‌تاویی بوو. چه‌ند رۆژێک بوو بۆ سه‌ردانی خزمان چووبومه شاری بۆکان. ئه‌و شاره وه‌ک زۆربه‌ی شاره‌کانی دیکه‌ی کوردستان له‌ژێر ده‌ستی پێشمه‌رگه و هیزه سیاسییه‌کانی کوردستان‌دا بوو.به‌یانییه‌کی زوو له كارێژی(گه‌راج) مه‌هاباد له بۆکان تووشی هاواڵێکی گه‌ڕه‌کی خۆمان به ناوی مه‌حمود محاڵی بووم. پاش چاک و چۆنی،هێشتا به‌خیرهاتنیم ته‌واو نه‌کردبوو، کوتی ئه‌وه لێره چ ده‌که‌ی؟ کوتم بۆ؟ کوتی گولله خۆمپاره له حه‌ساری ئێوه که‌وتووه و بابت شه‌هید بووه! حه‌په‌سابووم،نه‌م ده‌زانی چ بکه‌م، ته‌نیا توانیم سواری مینی‌بووسێک بم که به‌ره‌و ئاوایی بورهان ده‌چوو.نازانم ئه‌و رێگایه که‌ی ته‌واو بوو وچۆن گه‌یشتمێ. له بورهان سواری جیبێک بووم و هه‌تا ئاوایی دۆستاڵی به‌و جیبه‌ی چووم. له دۆستاڵی را به پێ‌یان به‌ره‌و به‌سری و له‌وێشه‌وه به‌ره‌و ئاوایی سهیدئاوا به‌رووکاری مه‌هاباد دا داگه‌ڕام. برنوویه‌کی درێژی دارشوشه‌ی ره‌قه‌م حه‌فده‌م پێ بوو. له‌به‌ر ئاوایی سهیدئاوا تووشی ژنێک و دوو منداڵ بوووم. هه‌روا به‌ده‌م رێگاوه ده‌نگ و باسی شارم لێ پرسی و کوتی ماوی سێ رۆژه له ماڵ وه‌ده‌رکه‌وتووم و چووبووم به دوای هێوه‌ره‌که‌مدا که بێت و مێرده‌که‌م له‌شار به‌رێته‌ده‌رێ، پاشان به‌ده‌م هه‌ناسه‌یه‌کی قووڵه‌وه کوتی به‌ناشکوری نه‌بێ ئه‌ویش خۆی لێ به‌ساحێب نه‌کردین.یه‌کێک له منداڵه‌کان کیژۆڵه‌یه‌کی چوار، پێنج سالان ده‌بوو و به پێی خۆی ورده‌ورده له پێش ئێمه‌وه ده‌رۆیشت. منداڵه‌که‌ی دیکه به باوه‌شی دایکییه‌وه بوو. کاتێک گه‌یشتینه لێواری چۆمی ''یه‌رغوو'' له نیزیک پێچه‌که‌ی رێگای لاچینێ، هه‌ستم کرد ژنه‌که ماندوو بووه. داوام لێکرد منداڵه‌که‌یم بداتێ ئه‌من بۆی هه‌ڵگرم، کوتی بابه‌که‌م ئاخر ئه‌تۆ ئه‌و هه‌موو تفه‌نگ و فیشه‌کدان و شته‌ت پێیه و بۆخۆشت ده‌ڵێی له دۆستاڵی را به پێ‌یان هاتووی، ماندووی و نابێ. کوتم دایکه‌که‌م ئه‌من ماندوو نیم و منداڵه‌که‌ی دایه ده‌ستم. ئه‌منیش تفه‌نگه‌که‌م له شانی راسته‌م هێناخوار و به لاشانی چه‌په‌م دا سه‌راوبن شۆڕم کرده‌وه و منداڵه‌که‌م به‌سه‌ر شانی راسته‌م‌دادا. کاتێک گه‌یشتینه راسته رێیه‌که و به‌ره‌و ناو شاری مه‌هاباد ده‌چووین، دیتمان سه‌ر گرده‌گڕویی پشت ته‌په‌ی قازی ئه‌رته‌شی لێیه‌و ته‌قه‌ش ده‌که‌ن. سه‌ر شاخی داشامه‌جیدیش پایه‌گای هێزه‌داگیرکه‌ره‌کانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لێ‌بوو و له‌وێڕا به کالیبر 50 و دۆشکه و تۆپ و خۆمپاره له شاریان ده‌دا. به ده‌نگی ته‌قه‌کان کیژۆڵه‌که ترسا و ده‌ستی به داوێنی کراسی دایکی گرت و له په‌نا ویی ده‌ڕۆیشت و به‌ده‌نگی هه‌ر ته‌قه‌یه‌ک وێکده‌هات و به چاوه نیگه‌رانه‌کانی ده‌یڕوانییه ده‌وروبه‌ری رێگاکه. گه‌یشتینه حاندی دارچناره‌کانی پیش'' مه‌هدی کودک'' باخچه‌ی ساوایان و ده‌ماندیت کچ و کوڕی جحێڵ هه‌رکه‌س په‌ڕۆیه‌کی سپی له باسکی هالاندووه و یارمه‌تی بریندار و لێقه‌وماوان ده‌ده‌ن. هۆشمان هه‌ر له‌و پۆله خه‌ڵکه بوو که له په‌نا دیواری کوچه‌وکۆڵانه‌کاندا به ماته‌ماته و خۆ کووڕکردنه‌وه و جاروبار بۆ په‌ڕینه‌وه له شه‌قامه‌کان تیژ تێده‌په‌ڕین. له‌ناکاو ده‌نگی ره‌گبارێکی قه‌ناسه و هازه‌ی گولله‌کان به‌سه‌ر سه‌ری ئێمه‌دا هات. کچه چکۆله‌که له‌ترسان زریکاندی و به‌ره‌رو پێشه‌وه رای‌کرد. دایکی هاواری کرد، شادی گیان هه‌ڵمه‌یه هیچ نیه. تازه زانیم ئه‌و کیژه بچکۆله خوێن‌شیرنه ناوی شادی‌یه. شادی به بیستنی ده‌نگی چه‌ند ته‌قه‌یه‌کی دیکه، خێراتر غاری‌دا و یه‌ک به‌خۆشی ده‌یزریکاند. دایکی له‌تاوان باوی هه‌نگاوه‌کانی خوشتر کرد تا بگاته شادی و هێوڕی کاته‌وه. هێشتا چه‌ند هه‌نگاوێکی مابوو ده‌ستی بگاته ده‌ستی شادی، ده‌نگی ره‌گبارێکی کورت هات. دایکی شادی هه‌ر هه‌ڵده‌هات به‌ڵام ئه‌مجار هه‌نگاوه‌کانی وه‌ک پێشوو نه‌ده‌هاویشت و لاتره‌ی ده‌به‌ست. دوای چه‌ند هه‌نگاوێک ئه‌ژنۆکانی نیشتنه‌وه‌و که‌وته سه‌ر زه‌ویی. ئه‌من سه‌ره‌تا وام زانی هه‌ڵه‌نگووتوه. به‌غار خۆم گه‌یانده لای. شادی قامکه گه‌وره‌ی دایکی گرتبوو ده‌یکووت دایه هه‌سته با هه‌ڵێین. ئه‌منیش بن پیلی دایکی شادی‌م گرت که هه‌ڵی هه‌ستێنمه‌وه، دیتم که‌له‌که‌ی لای چه‌په‌ی خوێنی لێ‌ده‌چۆڕێ، زانیم ئه‌و ره‌گباره کورته دایکی شادی پێکاوه. خه‌ڵکی نێوشار که شاهیدی ئه‌و دیمه‌نه بوون به ده‌ست راوه‌شاندن و هه‌را کردن بانگیان ده‌کردین که به‌ره‌و ئه‌وان بڕۆین. مه‌ودایه‌کی 200 میتری‌مان مابوو بگه‌ینه سه‌ری کوچه‌کان و له سێره‌ی پایه‌گای گرده‌گروێ و داشامه‌جید‌دا نه‌مێنین. که‌س نه‌یده‌وێرا بێت بۆلامان. دایکی شادی‌م هه‌ڵێنا و ده‌ستیم خسته سه‌ر شانم و منداڵه بچکۆله‌که‌م به‌شانی تفه‌نگه‌که‌م گرت و له‌راستیدا دایکی شادی‌م راده‌کێشا. شادی له‌پێشه‌وه ده‌رۆیشت و خێرا خێرا ئاوڕی ده‌داوه و بانگی دایکی ده‌کرد. دایه...دایه. گه‌یشتینه رێک به‌رێکی باخچه‌ی ساوایان'' مهد کودک'' و له‌وێ چه‌ند که‌س له‌وانه‌ی پێ‌یان ده‌کوتن'' ئیمدادگه‌ر'' یارمه‌تیده‌ر به پیرمانه‌وه هاتن. دوانیان کچ بوون و زوو دایکی شادی‌یان لێوه‌رگرتم و درێژیان کرد. کراسه‌که‌یان له‌به‌ردادڕاند. ریخۆڵه‌کانی هاتبوونه‌ده‌ر و دوای دڕاندنی کراسه‌که‌ی زیاتر خزانه خوارێ. گوێم لێ‌بوو یه‌ک له کچه‌کان کووتی ئه‌وه ناژیی. له‌و ماوه‌دا شادی هه‌ر له‌په‌نا دایکی ره‌ق راوه‌ستابوو. دایکی هۆشی نه‌بوو. ئیمدادگه‌ره‌کان لێیان پرسیم ئه‌م ژنه چی تۆیه؟ کوتم نایناسم و له به‌ر ماڵی سه‌یداوایه تووشیان بووم. به‌ڵام ده‌زانم ماڵیان له کوێ‌یه له رێیه که ده‌هاتین لێم پرسیوه و پێی کوتووم. یه‌کیان کوتی ئه‌گه‌ر وایه به مێرد و که‌س‌و کاره‌که‌ی بڵێ بێن بۆ مزگه‌وتی سه‌عدی. ده‌ستی شادی‌م گرت و کچه چکۆله‌که‌شم له باوه‌ش کرد و به‌ره‌و گه‌ڕه‌کی ته‌کیه‌ی بابه خه‌لیفه‌ی وه‌ڕێکه‌وتین. له لای مزگه‌وتی سه‌عدی را تا سه‌ر شه‌قامی زه‌ند به بن دیواران‌دا هاتین و مه‌ترسیی گولله‌ی راسته‌وخۆمان له‌سه‌ر نه‌بوو. لای راسته‌ی جله‌کانی من خوێناوی بوون و جار جار به له‌شمه‌وه ده‌نووسان. شادی هه‌ر ئاوڕی ده‌دایه‌وه و ده‌یپرسی دایه که‌نگێ دێ؟ نه‌م ده‌زانی چیی پێ‌بڵێم، هه‌ر ده‌مکوت دایه نه‌خۆشه و دوایه ئه‌گه‌ر چاک بووه‌وه دیته‌وه بۆ لاتان. منداڵه بچکۆله‌که به‌سه‌ر شانمه‌وه خه‌وی لێکه‌وتبوو.به شه‌قامی زه‌نددا به‌ره‌و ده‌رکی ته‌کیه‌ی بابه خه‌لیفه‌ی داگه‌ڕاین. به گورجی به شه‌قامه‌که‌دا په‌ڕینه‌وه و خۆمان له حه‌ساری ته‌کیه‌ی هاویشت. ته‌کیه دوو ده‌رکی هه‌بوو،یه‌کیان به‌سه‌ر شه‌قامی زه‌نددا ده‌کراوه ئه‌وی دیکه‌یان به‌لای کۆڵانی پشته‌وه‌ی‌دا. له شادیـ‌م پرسی لێڕه‌ڕا ماڵه خۆتان پێده‌زانیی؟ به راوه‌شاندنی سه‌ری تێیگه‌یاندم که ماڵه خۆیان پێده‌زانیته‌وه. کوتم بڕۆ بابچینه ماڵه ئه‌نگۆ. وه‌پێشم که‌وت، گه‌یشتینه به‌رده‌رگایه‌کی دار. دوانیوه‌ڕۆ بوو. له‌ده‌رگام دا، پاش تاوێک ده‌نگێکی ژنانه له دیوی حه‌سارێ ڕا پرسی کێیه؟ شادی هاواری کرد، داده بیکه‌وه. به‌ده‌نگی پێڵاوه‌کانیڕا دیار بوو به په‌له به‌ره‌و ده‌رگا دێت. داره‌که‌ی پشت ده‌رگای کێشاوه‌و ده‌رگا کرایه‌وه. کچێکی ته‌مه‌ن شازده، حه‌فده ساڵان بوو. به نیگه‌رانییه‌کی زۆره‌وه منداله چکۆله‌که‌ی لێوه‌رگرتم و لێی پرسیم ئه‌دی دایکم کوا؟ نه‌مده‌زانی چیی پێ‌بڵێم. شادی کوتی دایه نه‌خۆشه خوێنی له‌زگی ده‌هات! کیژه جحێڵه‌که دایه پڕمه‌ی گریان و به‌ره‌و قوڵایی حه‌سارێ چوو. به‌دوایدا چوومه ژوری حه‌سارێ و با‌نگم کرد. ده‌نگێکی لاوازی پیاوانه له بنه‌بانی ژێرزه‌مینێک ڕا پرسی کییه؟ زێنه‌ب کچم ئه‌وه کێیه؟ چیی ده‌وێ؟ بۆلای ده‌نگه‌که چووم. له‌پێش ده‌رکی ئه‌و ژێرزه‌مینه به بڵیندایی ده‌رکه‌که ته‌لیسه خۆڵ هه‌ڵچنرابوون. که‌لێنێکی ته‌سک له‌مابه‌ینی ده‌رکه‌ی ژێرزه‌مینه‌که و ته‌لیسه خۆڵه‌کان مابۆوه. تفه‌نگه‌که‌م له‌شانم هێناخوارێ و چوومه ژوورێ. سڵاوم کرد و وه‌ڵامی سڵاوی دامه‌وه. پێم کوت مامه گیان ئه‌من له نیزیک ئاوایی سهیدئاوا تووشی خێزانت و ئه‌و دوو منداڵه‌بووم. باقی رووداوه‌که‌م چۆن رووی‌دابوو بۆ گێڕاوه. هه‌ر ده‌یکووت،په‌کوو،په‌کوو، پشتم شکا. ئه‌من به‌و حاڵه‌م چ له‌و منداڵانه بکه‌م؟ به دڵێکی پڕپه‌رۆشه‌وه له ژێرزه‌مینه‌که هاتمه ده‌رێ. له حه‌سارێ کیژه‌که له‌سه‌ر عه‌رزی دانیشتبوو،کچه‌چکۆله‌که‌ی له‌باوه‌ش گرتبوو، شادیش له‌ته‌نیشتییه‌وه سه‌ری وه‌لای که‌له‌که‌ی کردبوو. نه‌م ده‌زانی چ بڵێم، بۆلایان چووم و ده‌ستێکم به سه‌ری شادی‌دا هێنا و ماڵ‌ئاوایم لێکردن.له‌ده‌رکه‌ی هاتمه‌ده‌رێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که باره‌که‌م سووک ببوو، هه‌نگاوی لاقم قورس ببوون ولاقه‌کانم به زه‌حمه‌ت به‌دوامدا ده‌هاتن. بیرم له منداڵه چکۆله‌که ده‌کرده‌وه که چیی به‌سه‌ر دێت؟ شادی چلۆن ئه‌و دیمه‌نه‌ی بریندار بوونی دایکی له‌بیر ده‌کا و زۆر پرسیاری دیکه‌ش.به‌کۆڵانه‌که‌دا هاتم و خۆم گه‌یانده کوچه‌ی پشت '' بازاڕی روز'' و له‌وێڕا به خێرایی خۆم گه‌یانده گه‌ڕه‌کی'' سه‌ربه‌رداشی '' و به‌وێدا به‌ره‌و ژوور رۆیشتم. بیرم له بابم ده‌کرده‌وه و نه‌م ده‌توانی باوه‌ڕبکه‌م شه‌هید بووه و ده‌مگوت، مه‌حموود جوانی نه‌دیتووه و لێی تێکچووه. جار جاریش که دایکی شادی و منداڵه‌کانیم وه‌بیرده‌هاته‌وه، کزه‌م له‌جه‌رگی هه‌ڵده‌ستاو دڵم پڕده‌بوو.به‌ده‌م بیروخه‌یاڵانه‌وه گه‌یشتمه لای مزگه‌وتی '' سه‌ید نیزام'' و به کوچه‌که‌ی‌دا هاتمه سه‌ر شه‌قامی ''فه‌ره‌ح'' و به‌ره‌و شه‌قامی ''وه‌ره‌هرامی شه‌رقی'' وه‌ره‌هرامی رۆژهه‌ڵات چووم.له رێک به‌رێکی کوچه‌ی ''مه‌نسووری'' له گه‌ڕه‌کی '' ئه‌رمه‌نییان'' ئامبوڵانسێک له نێوه‌ڕاستی شه‌قامه‌که راوه‌ستابوو. ده‌رکی لای شۆفیره‌که‌ی کرابووه‌وه. به پارێزه‌وه لێی چوومه پێش و دیتم شۆفیره‌که‌ی سه‌ری به‌لای ژوری ئامبوڵانسه‌که‌دا سووڕاندووه. با‌نگم کرد وه‌ڵامی نه‌داوه. ده‌ستم له‌سه‌ر شانی‌دانا و کوتم کاکه کاکه، وه‌ڵام نه‌بوو. هه‌ستم کرد بۆنی ئاسنی ژه‌نگاوی دێت، دیتم به‌رپێی شۆفیره‌که پڕبووه له‌خوێنی مه‌ییو. دیاربوو له‌مێژه شه‌هیدکراوه و خوێنه‌که‌ی مه‌یوه. به‌جێم هێشت و به کووچه‌ی مه‌نسووری‌دا به‌ره‌و ماڵه خۆمان له لای مه‌یدانی حه‌سه‌نزاده و رووبه‌ڕووی ماڵه ''خات نارنجێ'' وه‌رێ که‌وتم. له‌سه‌ر کووچه‌ی خۆمان که‌لاوه‌یه‌کی لێ‌بوو، گوێم هه‌ڵخست، قروسکه‌ی سه‌گێک ده‌هات. به‌پێش کهلاوهکهیدا تێپه‌ڕیم و چوومه نێو کووچه‌ی خۆمان . له حه‌ساری خۆمان چرای هیچ‌کام له ماڵه‌کان نه‌داییسا. ئێمه له‌و حه‌ساره‌ی‌دا چوارماڵ بووین. شوشه‌ی په‌نجه‌ره‌کان زۆربه‌یان شکابوون. له حه‌سارێ دوو قووڵکه‌ی گه‌وره دروست ببوو.ترومپای حه‌سارێ له جێی خۆی بوو. گوڵه‌کانی باخچه‌ی هه‌ڵپه‌رتوابوون. دوو لقی گه‌وره‌ی داره بوزه‌که‌ی حه‌سارێ شکابوون به‌ڵام لێ نه‌ببوونه‌وه‌و به‌سه‌ر باخچه‌که‌دا شۆڕببوونه‌وه.به‌ره‌و ژێرزه‌مینی ماڵه کاک محه‌مه‌د سه‌قزی جیرانمان چووم. له‌به‌ر ده‌رکی ئه‌و ژێرزه‌مینه‌ش ته‌لیسه خۆڵ له‌سه‌ریه‌ک هه‌ڵچندرابوون. تروسکاییه‌کی که‌م هێزم لێ وه‌دیار که‌وت. چوومه ژورێ. سڵاوم کرد و یه‌کراست چاوم به دایکم که‌وت. کز،خه‌مبار و دۆشداماو له سه‌رووی ژێرزه‌مینه‌که دانیشتبوو. که چاوی به من که‌وت یه‌ک پێ هه‌ستاو له ئامێزی گرتم. ئه‌ولاولای ماچ کردم و پرسی که‌نگێ هاتویه‌وه؟ کوتم ئه‌وڕۆ هاتوومه‌وه. لێم پرسی بابم له کوێ‌یه؟ کوتی جارێ دانیشه ئێستا ئه‌ویش دێته‌وه. سوکناییه‌کم هاتێ. کوتم بۆکوێ چووه؟ هه‌ستم کرد ده‌یهه‌وێ شتێکم لێ بشارێته‌وه. کوتم دایه پێم بڵێ، خه‌ڵک پێ‌یان کوتووم. راسته؟ کوتی نه‌به‌خودای رۆڵه هه‌ر بڕێک ده‌ستی بریندار بووه. له چاوه‌کانیدا ده‌مویست راستیی قسه‌که‌ی بدۆزمه‌وه. له دڵه خۆمدا ده‌مکوت یاخوا وابێ و هه‌ر بریندار بوبێت و شه‌هید نه‌بوبێ. ئێستا ئیدی برێک هێوڕ ببومه‌وه. دره‌نگانی ئێوارێ بوو.روانیمه ئه‌ولاو لای ژێرزه‌مینه‌که، دیتم کاک محه‌مه‌د سه‌قزی چاوێکی داپۆشراوه‌و ده‌م وچاوی ئه‌ستوور بووه و به‌رچاوی شین بووه‌ته‌وه. له‌ولاتره‌وه فه‌وزییه خانمی خێزانی لاقێکی درێژکردووه و له لای به‌له‌کی برینێکیان بۆ پیچابوو. هه‌واڵیانم پرسی و ئه‌وانیش وه‌ڵامیان دامه‌وه‌و تێگه‌یشتم که کاک محه‌مه‌د چاوێکی کوێر بووه. سه‌ره‌ڕای برینداریی خۆیان، دڵخۆشی منیان داوه‌و کوتیان باوکت چه‌ند رۆژ له‌وه‌پێش هه‌ر به‌و گولله خۆمپاره‌ی ئێمه‌ی بریندار کردووه، بریندار بووه و ئه‌ویان به ئامبوڵانس بردووه‌ته نه‌خۆشخانه. له دایکمم پرسی دوای بریندار بوونی بابم هیچ خه‌به‌رت لێی نیه؟ کوتی نا رۆڵه گیان خۆ به‌رۆژ له‌به‌ر ته‌قه و تۆپ باران که‌س ناوێرێ له ماڵ بێته‌ده‌رێ.کاتژمێر 8 ی شه‌و بوو. به دایکمم کوت ده‌چمه نه‌خۆشخانه و بابم ده‌بینمه‌وه و ئاگادارت ده‌که‌مه‌وه. دایکم هه‌ر ده‌یکوت ئاگات له خۆت بی رۆڵه گیان. له‌گه‌ڵ کێ ده‌چی؟ کێت له‌گه‌ڵه؟ بۆ ئه‌وه‌ی تووشی دڵه‌راوکێ نه‌بێ، کوتم له گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌کان ده‌چم. له ژێرزه‌مینه‌که هاتمه‌ده‌رێ و له حه‌سارێ تێر چاوم له باخچه‌که‌و ماڵه‌کان کرد، ده‌تکوت تازه نایان بینمه‌وه، هه‌موو لایه‌کیم پێ جوان و خۆش بوو. شتی‌وا سه‌رنجی راده‌کێشام که تا ئه‌وکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی حه‌وت هه‌شت ساڵ ده‌بوو له‌و ماڵ و حه‌ساره‌ی دابوین، قه‌ت وه‌به‌ر چاوم نه‌هاتبوون. له ده‌رکی حه‌سارێ چوومه ده‌رێ، به په‌نا کهلاوهکهیدا تیژ تێپه‌ڕیم. گه‌یشتمه شه‌قامی ''وه‌ره‌هرامی‌شه‌رقی'' ئامبوڵانسه‌که هه‌ر له‌وێ بوو. نه‌مزانی شۆفیره‌که‌ی هه‌ر تێدایه یان نا، به په‌له بووم ده‌بوو خۆم بگه‌یه‌نمه نه‌خۆشخانه‌ی شار که له نیزیک'' باغی پیشاهه‌نگی'' هه‌ڵکه‌وتبوو. به‌ره‌و چواررێی ئازادیی وه‌رێکه‌وتم. له‌وێوه به شه‌قامی '' شاپور'' دا به‌ره‌و شاره‌داری رۆیشتمه خوارێ. دیمه‌نی شار زۆر سه‌یر گۆڕابوو. ده‌توانم بڵێم که‌م ماڵ مابوو شوشه‌ی ساغی له په‌نجه‌ره‌ی‌دامابێ. له‌سه‌ر شه‌قام‌و پیاده‌ره‌وه‌کان شوشه‌ی شکاو و قاپۆڕه‌فیشه‌ک و له‌تکی گولله تۆپ و خۆمپاره عه‌رزی داپۆشیبوو. داره‌کانی قه‌راغ شه‌قامی شاپور زۆربه‌یان لق و پۆپه‌کانیان شکابوون. له‌بن هێندێک له داره‌کان خوێن مه‌یبوو، پشیله‌و سه‌گه‌به‌ڕه‌ڵای برسی ده‌میان تێنابوون. ئه‌و شه‌قامه که سه‌رده‌مێک زۆر جوان و بۆن خۆش بوو، ته‌نیا بۆنی خوێن و دوکه‌ڵ و باڕووتی لێده‌هات. گه‌یشتمه رێک به‌رێکی '' که‌وشی میللی'' و هه‌ورازی سینه‌ما '' ئاریا''. زرێپۆشێک تێکشکابوو و سه‌ری له ده‌رکی قه‌یسه‌ریان رۆکردبوو. به‌هه‌ورازی پێش سینه‌ما ئاریادا به‌ره‌و ''دوخانیات'' وه‌سه‌رکه‌وتم. ئه‌و رێگایه نێو‌بڕ بوو. به کوچه‌ی هوتێلی ''جام‌جهان‌نما''ی سه‌ید مه‌جیدی‌دا داگه‌ڕامه‌خوارێ بۆ سه‌ر شه‌قامی په‌هله‌وی به پێش مه‌حکه‌مه‌ی پێشه‌وای‌دا تیپه‌ڕیم و پاش ماوه‌یه‌ک گه‌یشتمه ده‌رکی خه‌سته‌خانه‌ی. پێشمه‌رگه‌یه‌ک له‌به‌ر ده‌رکه‌ی بوو. خۆم پێناساند و چوومه حه‌ساری خه‌سته‌خانه‌ی. خه‌سته‌خانه هێنده‌ی خه‌لکی بریندار لێ بوو، ژووره‌کان پڕببوون و ساڵۆنه دوورودرێژه‌کانی پێش ژوره‌کانیش برینداری لێ داندرابوو. برینداره‌کان جلی شین‌وسپی نه‌خۆش‌خانه‌یان له‌به‌ر کرابوو. هه‌روا که به په‌نا برینداراندا ده‌ڕۆیشتم و ده‌مڕوانی، ده‌نگێکی ناسیاو له دواوه بانگی کردم. وه‌رسووڕامه‌وه و بۆلای ده‌نگه‌که چووم. بابم بوو. نه‌مده‌زانی له خۆشیان چ بکه‌م. لێی نیزیک بوومه‌وه. ده‌ستی چه‌په‌ی به به‌نێک له ئاسنێکی پشت ته‌خته‌که‌ی هه‌ڵاوه‌سرابوو. لیباسی نه‌خۆشخانه‌ی له‌به‌ر کرابوو. باوه‌شم پێداکرد و پرسیم ئه‌وه چت لێ هاتووه؟ وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی نه‌دامه‌وه‌و لێی پرسیم، بۆ هاتوویه‌وه؟ کوتم هه‌واڵی بریندار بوونی تۆم پێگه‌یوه و ئه‌و ڕوو له بۆکان را هاتوومه‌وه. پاشان که دڵنیا بوو پیشمه‌رگه هه‌ر له نێو شار ماون، چۆنییه‌تی بریندار بوونه‌که‌ی بۆ گیڕامه‌وه. پڕیشکی خۆمپاره‌ی ئێسکی نێوان ئانیشک و شانی ورد کردبوو. ده‌ستیان له گێچ گرتبوو و له دوولاوه کونێکیان له گێچه‌که‌دا هێشتبووه‌وه که له‌وێڕا برینه‌که‌یان ده‌رمان ده‌کرد. پێم کوت که دایکم و منداڵه‌کان ساغ‌وسڵامه‌تن و جێی نیگه‌رانیی نیه. کوتی بزانه ناتوانی دایکت بێنی بۆلام. کوتم ئه‌و شه‌و؟ کوتی ئا. کوتم به چاوان و له خه‌سته‌خانه هاتمه‌ده‌رێ.به پێشمه‌رگه‌که‌ی به‌ر ده‌رکه‌م گوت ده‌چم دایکم دێنم بۆلای بابم. پرسی ماڵتان له کوێ‌یه؟ کوتم له گه‌ڕه‌کی ئه‌رمه‌نیانه. کوتی ده‌بێ په‌له‌ی بکه‌ی ره‌نگه سبه‌ینێ ئه‌رته‌ش بێته ناو شار. کوتم زوو دێمه‌وه. وه‌ڕێ که‌وتم. هه‌ر به‌رێگاکه‌ی خۆمدا گه‌ڕامه‌وه هه‌تا لای مه‌یدانی مه‌نگوڕان.له‌وێڕا به کوچه‌ی ناڵبه‌ندان‌دا چوومه‌سه‌ر و له شه‌قامی وه‌ره‌هرامی‌شه‌رقی هاتمه‌وه‌ده‌ر. له حه‌سارێ هێشتا نه‌گه‌یشتبوومه به‌رده‌رکی ژێرزه‌مینه‌که‌ی، له دارێکی هه‌ڵه‌نگووتم. دایکم که هه‌ر نه‌نووستبوو، بانگی کردم. کوتم دایه گیان نه‌نووستووی؟ کوتی جاکوا ده‌کرێ ئاگاداربم له‌و ته‌قه‌و هه‌رایه‌دا ئه‌تۆ له ناو شاربیی و ئه‌من بنووم؟ کوتم دایه گیان بابم ده‌یکوت بێت بۆلام. کوتی ئێستا دێم. سه‌رێکی ژێرزه‌مینه‌که‌ی دا‌و کوتی خوشکه‌کانت نووستوون. بابڕۆین. دایکم گه‌یانده خه‌سته‌خانه لای بابم. تاوێکیان له لابووم . دایکم به په‌ڕۆی ته‌ڕ ده‌ست ولاقی بابمی خاوێن کرده‌وه. ماوه‌یه‌ک قسه‌مان کرد، پاشان بابم ئیزنی داین و له‌گه‌ڵ دایکم دیسان به‌ره‌و ماڵه‌وه وه‌رێ که‌وتینه‌وه. کاتژمێر یه‌ک ونیوی شه‌و گه‌یشتینه‌وه ماڵێ. دایکم چه‌ند بابۆڵه‌یه‌کی بۆ ساز کردم و به‌رێی کردم. به کوچه‌کانی گه‌ره‌کی ئه‌رمه‌نیاندا به‌ره‌و گه‌ڕه‌کی مه‌یدانی حه‌یوانان وه‌ڕێ که‌وتم. له کووچه‌ی ماڵه ماملێ را په‌ڕیمه‌وه لای قه‌نادیی(شیرنی‌خانه‌ی) سه‌کری. له‌وێڕا به‌ره‌و مه‌یدانی حه‌یوانان و له‌وێشه‌وه بۆ لای گۆڕستانی شار و له‌وێشڕا به‌ره‌و ئاوایی پشته‌پ. گه‌یشتمه لای به‌رده سپیان سیوادی رۆژێ هه‌ڵیدابوو.
که‌ماڵ
رۆژی 8 ی مانگی یه‌کی 2008 ی زایینی،رۆژێکی بارانی و ته‌ڕوتووش بوو. هه‌رچه‌ند لێره له وڵاتی سوئێد زۆربه‌ی رۆژه‌کان هه‌روان و رۆژی تاو وساو زۆر که‌من. کاتژمێر 10 ی به‌یانی ئه‌و رۆژه له‌لای دوکتور وه‌ختم هه‌بوو. هیشتا له‌لای دوکتور کاره‌که‌م ته‌واو نه‌ببوو،ته‌له‌فۆنه‌که‌م زه‌نگی لێدا. نه‌متوانی وه‌ڵامی بده‌مه‌وه. کاتێک له لای دوکتور هاتمه‌ده‌ر،چاوم له ته‌له‌فۆنه‌که‌م کرد، ژوماره‌یه‌کی نه‌ناسراو بوو.ته‌له‌فۆنێکم بۆ خیزانم کرد و لێم پرسی له بازاڕ هیچمان ناوێ؟ له‌وه‌ڵامدا کوتی نا زوو وه‌ره‌وه ماڵێ! پرسیم بۆ چی بووه؟ کوتی خزمه‌کانی دایکی بێری ته‌له‌فۆنیان کردووه و کوتویانه دایکی بێری له نه‌خۆشخانه‌یه و دوکتوره‌کان ته‌نیا چه‌ند سه‌عاتیان ماوه بۆ داناوه‌و پییان وایه دوای ئه‌و چه‌ند سه‌عاته ده‌مرێ!
کوتم ئه‌گه‌ر وایه خۆت سازکه دێم به‌دواتدا ده‌چین بۆ لای. کاتژمێر 12 ی نیوه‌رۆیه گه‌یشتینه ئه‌و نه‌خۆشخانه‌ی دایکی بێری لێ بوو. له شوێنی راگرتنی ماشێنه‌که‌مان‌ڕا تا ده‌رکی نه‌خۆشخانه، باران خووساندینی. کاتێک چووینه ژوره‌که‌ی خزم‌وکه‌س‌وکاری له‌وێ بوون. بێری له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ژوره‌ی دایکی تێدابوو، سه‌ری وه‌سه‌ر ڕانی خاڵۆژنی کردبوو، راکشابوو. ده‌ستێکم به پرچه‌کانیدا هێنا و ماچم کرد. له‌باوه‌شی کردم و فرمێسک چزانه چاوه‌کانی. دلخۆشیم داوه، به‌لام لێم حاڵی نه‌ده‌بوو.دیاره تاوانی ویی نه‌بوو،بێری ته‌نیا 10 به‌هاری له‌ته‌مه‌نی تێپه‌ڕیبوو. چوومه ئه‌و ژوره‌ی دایکی بێری لێی که‌وتبوو، ژورێکی هێندێک تاریک و به‌رته‌سک بوو. دایک و براو وخوشک و برازا‌و خوشکه‌زاکانی ده‌وری ته‌خته‌که‌یان دابوو. سلاوم لێکردن و چوومه ژوورسه‌ری دایکی بێری. هه‌ناسه‌کانی به‌زه‌حمه‌ت و دره‌نگ دره‌نگ ده‌هاتن. دواندم،ده‌سته‌کانی هێشتا تینیان تێدا مابوو. ره‌نگی له‌شی زه‌رد وه‌ک هه‌ویری زه‌رده چێوه پێداکراوی لێهاتبوو.
له‌گه‌ڵ خێزانم له‌په‌نا یه‌کتر راوه‌ستاین و ده‌ماندیت چلۆن گه‌رمایی ژین هێدی هێدی سه‌ره‌قامکه‌کانی جێ‌دێڵن و به‌ره‌و ژوور هه‌ڵده‌کشن. زۆری پێنه‌چوو، جیاوازی ویی له‌گه‌ڵ مردووان ته‌نیا ئه‌و هه‌ناسانه بوون که جار جار و به مه‌ودای زۆر‌و به زه‌حمه‌ت هه‌ڵیده‌مژین و ده‌یدانه‌وه‌ده‌رێ. کاتژمێر 14،20 پاش نیوه‌ڕۆ، سیه‌کانی چیدی هه‌وایان هه‌ڵنه‌مژت و ده‌نگی هه‌ناسه‌کانی کپ و بیده‌نگ بوون. له‌راستیدا ئه‌و دوای مردنی هێمنی به‌خۆیه‌وه بینی و کێوی غه‌م و په‌ژاره‌ی له‌سه‌ر شانی لاچوو.
هه‌روه‌ک له‌وڵاتانی ئوروپایی باوه، مردوو خێرا له‌بن گڵ نانێن و چه‌ند رۆژێک ده‌کێشێ تا بۆ ناشتن حازری ده‌که‌ن. رێک حه‌وت رۆژ دوای مردنی واته 15ی ژانویه ئاگاداریان کردینه‌وه که ده‌ینێژن. ئه‌من و خێزانم و یه‌ک دوو ناسیاو چووین بۆ ریوره‌سمی ناشتنه‌که‌ی. ئه‌و رۆژه‌ش وه‌ک زۆر رۆژی دیکه‌ی وڵاتی سوئێد، هه‌ور ئاسمانی داپۆشیبوو، جێ جێ ته‌نک و جێ جێ چڕ‌وپڕ. کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک ئاپۆرای شوێنێکیان دابوو. گۆڕێکی تازه هه‌ڵقه‌ندراو له نێوه‌ڕاستی خه‌ڵکه‌که بوو. دوای ئه‌وه‌ی که‌سه نیزیکه‌کانی له (kapell) ( جێگای سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تابووت و خوێندنه‌وه‌ی خۆزگه‌و ئاوات و ژیاننامه و هه‌روه‌ها ئه‌و مۆسیقایه‌ی مردووه‌که به‌زیندوویی پێی خۆش بووه و گوێی داوه‌تێ) ڕا ده‌سکی تابووته‌که‌یان گرت و به‌ره‌و دوا مزڵ هێنایان، له‌سه‌ره‌خۆ و به وچان له‌ژێر چاوه‌دێری مجێوری کلیساکه، به‌ره‌و ناخی گۆڕه‌که رۆیانهێشته خوارێ. که‌س وکاره نیزیکه‌کانی هه‌ر یه‌که‌و مسته خۆڵێک و چه‌پکه گوڵێکیان هاویشته سه‌ر تابووته‌که‌ی. بێری ده‌ستێکی له ده‌ستی مندا و به‌ده‌سته‌که‌ی دیکه‌ی چه‌پکه گوڵه‌که‌ی هاویشته سه‌ر تابووتی دایکی. کوتم رۆڵه مستێکی خۆڵ به‌سه‌ر تابووته‌که‌یدا ناکه‌ی؟ کوتی نا پیس ده‌بێ. ئه‌و له دنیای خۆیدا جۆرێکی دیکه‌ی بیر ده‌کرده‌وه‌و پێیوابوو دایکی به‌ره‌و سه‌فه‌رێکی خۆش و دورودرێژ چووه. له‌به‌ر وه‌ی حه‌وتوویه‌ک بوو له ماڵه دایکی شین و گریان بوو لێم پرسی: پێت خۆشه بڕۆینه‌وه لای خۆمان و له‌وێ بڕێک هێوڕ بییه‌وه؟ کوتی نا ئه‌و شه‌ویش پێم خۆشه له‌لای نه‌نکم و پوورم بم. کوتم باشه و له‌گه‌ڵ که‌س و کاره‌که‌ی ماڵ ئاوایمان لێک خواست و هاتمه‌وه ماڵێ. روخساری بێری‌م له‌به‌ر چاوان وون نه‌ده‌بوو. زۆرم پێخۆش بوو بزانم له مێشکی دا چۆن و بیر له چی ده‌کاته‌وه. ده‌ڵێن گڵ مه‌یل بڕه، زۆری پێنه‌چوو ئاگاداریان کردین و کوتیان سبه‌ینێ چله‌ی دایکی بێری‌یه. له‌گه‌ڵ بێری وه‌ڕێ که‌وتین، بێری لقێکی گوڵی رۆزی سپی بۆ دایکی کڕیی و به‌ره‌و گۆڕستان وه‌ڕێ که‌وتین. قه‌بره‌که‌یمان زوو دیته‌وه. قه‌برێکی ساکار، دارێکی ژماره لێدراو و ریزێک به‌ردی خڕی سپی به‌ده‌وری قه‌بره‌که‌یدا و چه‌ند لقه گوڵ له‌سه‌ر گلکۆکه‌ی بوو. له په‌نا دارێکی نیزیک گۆڕه‌که راوه‌ستام و له‌بێری ڕامام تا بزانم چ‌ده‌کا؟ زۆر له‌سه‌ره‌خۆ سڵاوی له دایکی کرد، گوڵه‌که‌ی له‌سه‌ر گۆڕه‌که‌ی دانا‌و ده‌ستی به کێله‌که‌ی گرت و کوتی : دایه گیان ئه‌تۆ ته‌نیا هه‌ناسه‌یه‌ک له‌من دووری!
هاوینی ساڵی 1362ی هه‌تاویی بوو. له‌گه‌ڵ چوار پێشمه‌رگه‌ی هاورێم به ناوه‌کانی، بازید نه‌به‌ردی، وه‌ستائه‌کره‌م،ئه‌بووبه‌کری حوسێن‌پوور(عه‌بووی کانی سێوێ) و کاوه‌یس(عه‌زیز) له ئاوایی '' باراوا'' ی نیزیک '' کانی سێ‌و'' ی گه‌ورکان، بۆ کارێکی حیزبی ده‌چووین بۆ ئاوایی '' گرشیلان''. له پشت ئاوایی باراوا را تیره‌شانێکی مه‌یله‌و رژد ده‌ست پێده‌کات و له‌کۆتایی‌دا له‌گه‌ڵ باسکی'' ماین‌خواره‌ی'' تێکه‌ڵ ده‌بنه‌وه و تا ده‌گه‌یه پشت ماڵی'' سوێناسێ'' ئه‌م باسکه درێژه‌ی هه‌یه. ماوه‌یه‌ک پاش وه‌رێکه‌تنه‌که‌مان، گه‌یشتینه سه‌ر ئه‌و جاده‌یه‌ی کاتی خۆی حیزب به‌و لابه‌لایه‌ی‌دا لێیدابوو بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک و بۆخۆی که‌لکی لێوه‌رگرن. رێک به‌رێکی ئاوایی گامێشان و مه‌زرای ماڵه کوێخا‌عومه‌ری گامێشانێ به ناوی مه‌ناڵه چاومان به تاڵکه‌دێمێکی به‌رین که‌وت، نه‌وس تینی بۆ هێناین و به‌ره‌و تاڵکه‌دێمه‌که داگه‌ڕاین. گه‌یشتینه راست به‌ڕاستی'' ئه‌ستێر''ه‌که‌ی. پیاوێکی ده‌سته‌ی ره‌نگ پیاو و وێچوو، پێمه‌ڕه‌یه‌کی ئه‌سپه‌ره‌داری له‌سه‌رشانی دانابوو،روو له ئێمه‌و به‌ره‌و چارداخه‌که‌ی ده‌هات. ئێمه پێش‌ویی گه‌یشتینه به‌رده‌رکه‌ی چارداخێ. هه‌ر یه‌که‌مان دو سێ‌دانه گڕگه‌مان لێکردبووه‌وه. مام کوێخاش گه‌یشته لامان و سڵاومان لێکرد و به‌خێری هێناین و فه‌رمووی بن سێبه‌ره‌که‌ی کردین. ئێمه به‌ریز له‌بن سێبه‌ره‌که دانیشتبووین و ئه‌ویش هێندێک له‌ولاوه‌تر دانیشتبوو، تاو له شانێکی ده‌دا. دیار بوو حیزبی باش ده‌ناسی و پرسیاری زۆر به‌رپرسی حیزبی لێ‌کردین و له ئه‌حواڵی پرسین. له‌بن دیواری چارداخه‌که جه‌ره‌یه‌کی سووری پڕله‌ئاو به‌دیواری هه‌ڵپه‌سێرابوو، بنی جه‌ڕه‌که‌ی خۆڵی بن و ده‌وروبه‌ریی خۆی کردبووه قوڕ و پێوه‌ی نووسابوو. جامێکی فافۆنی قوپاویش له‌سه‌ر زارکی جه‌ره‌که‌ی رۆنرابوو. هه‌ستام له‌جه‌ره‌ئاوه‌که‌ی نزیک بوومه‌وه و په‌نجه‌ی لاقم وه‌به‌ر بنی جه‌ره‌که‌ی‌دا و قوڵفه‌که‌یم گرت و جامه‌که‌م وه‌به‌ر زارکی جه‌ره‌ی‌دا. جامه‌که‌م تا نیوه‌ی له‌ئاوه‌که‌ی پڕکرد و فه‌رمووی ئه‌وانم کرد و هه‌ڵمقوڕاند. ئه‌و ئاوه ساردوسووکه ماندوویی و گه‌رمای هاوینی بۆ تاوێک له‌بیربردمه‌وه. دوای من کاوه‌یس‌یش داوای ئاوی کرد و بۆم تێکرد.هاتمه‌وه جێگای خۆم و مام کوێخا یه‌ک یه‌ک له هه‌ر چوارمانی پرسی کوڕی کێین و خه‌ڵکی کوێین؟ هه‌موومان وه‌ڵاممان داوه‌و بڕێک ده‌من فکری و پرسی کوڕی وه‌ستا ره‌حیمی؟ وه‌ڵامم داوه به‌ڵێ. هه‌ستائه‌ولاولای ماچ کردم و کوتی ئه‌تۆ ده‌زانی خزمی منی؟ کوتم ده‌زانم له‌و ناوچه‌یه‌ی زۆرمان خزم هه‌یه به‌ڵام ئه‌من که‌میان ده‌ناسم. هه‌واڵی خاڵه ساڵه‌ی لێپرسیم و کوتم ئه‌وه له کانی سێوێ‌یه. له‌و ماوه‌یدا که ئه‌من و مام کوێخا لێکمان ده‌کۆڵییه‌وه و قسه‌مان ده‌کردن، بازید و عه‌بوو سیغاریان به سیغاری داده‌گیرساند. مام کوێخا رووی له‌من وه‌رگێڕا و رووی له‌وان کرد و کوتی: به‌رخم ئه‌و جۆره‌ی ئیوه سیغاران ده‌کێشن پێموانیه به‌شه‌وانه له کێشکێ بتوانن بێ سیغار هه‌ڵکه‌ن، ئه‌ی ئه‌و ده‌می چده‌که‌ن؟ عه‌بوو کوتی وه‌ڵا مامه ئه‌و کاتیش هه‌ر ده‌کیشین. مام کوێخا کوتی رؤڵه ده‌زانم ئێستا شوکور وڵات له‌ژێر ده‌ستی حیزب دایه و ولات هێمن و ئه‌مینه،به‌ڵام ئێوه پێش‌مه‌رگه‌ن و ده‌بێ هێندێک شت فێر بن که له کاتی ته‌نگانه‌دا به‌کارو دێت. لێمان پرسی وه‌ک چی؟ کوتی ئه‌من زه‌مانی کاک سوله‌یمانی موعێنی و کاک عه‌وڵا و مینه‌شه‌م و مه‌لامه‌حمودی زه‌نگه‌نه زۆرجاران له‌گه‌ڵیان بۆولاولای چووم و ئه‌وانیش پێشمه‌رگه‌ی سیغارکێشیان له‌گه‌ڵ بوون و زۆربه‌ی کاته‌کانیش شه‌وڕۆییان ده‌کرد. ئه‌وکات ژاندارمه له‌وڵاتی هه‌بوون و که‌ڵ به‌مووی به‌ند بوو. پرسیمان ئه‌وان چی‌یان ده‌کرد؟ کوتی بۆ وێنه ئه‌وان قانگه‌لاشکێکیان کون ده‌کرد و له‌باری ئه‌ستوونی دوو کون‌یان تێده‌کرد و له‌باری ئاسۆییه‌وه ته‌نیا سه‌ریکیان کون ده‌کرد و سیغاره‌که‌یان به مۆدنه‌یه‌وه ده‌کرد و له کونی قانگه‌لاشکه‌که‌یه‌وه ده‌یانکێشا و ئاوری سیغاریان به شه‌و دیار نه‌ده‌بوو. کارێکی دیکه‌ی ئه‌وان ده‌یان کرد ئه‌وه‌بوو قه‌ت قونچکه جغاره‌یان فڕێ نه‌ده‌دا و هه‌میشه له‌بن گڵیان ڕۆده‌کرد بۆ وه‌ی ئه‌گه‌ر دوژمن بێته جێگاکه‌یان نه‌زانێ لێره‌بوون و چه‌ند که‌س بوون. شتێکی دیکه‌ی سرنج‌راکێش که ئه‌وان ده‌یان کرد ئه‌وه بوو ئه‌گه‌ر چه‌ند که‌س بان و به رێگایه‌کدا رۆیشتبان ئه‌وه‌ی له‌دواوه ده‌ڕۆیشت لقه‌دار بییه‌کی ده‌بڕی و به‌دوای خۆیدا رکێشی ده‌کرد و شوێن پێیه‌کانیانی کوێر ده‌کرده‌وه. ئه‌وده‌م که مام کوێخا ئه‌و قسانه‌ی بۆ کردین زۆرمان پێ گرینگ نه‌بوون، به‌ڵام کاتێک به‌ره‌به‌ره ناوچه‌کانمان که‌وتنه‌وه به‌ر ده‌ستی دوژمن و هاتووچۆ ته‌نیا به‌شه‌و ده‌کرا قسه‌کانی مام کوێخامان وشه‌به‌وشه وه‌بیر دده‌هاته‌وه و وای لێ‌ڕاهاتبووین ئه‌وانی دیکه‌شمان فێر ده‌کردن و تا پیشمه‌رگه له ناوچه‌دا هاتووچۆیان ده‌کرد ئه‌م ده‌رسانه‌ی مام کوێخا فیری کردبووین به‌کرده‌وه جێ‌به‌جێمان ده‌کردن. ساڵ تێپه‌ڕین و وای لێهات ئه‌من پاش چه‌ند ساڵ له‌و دیداره‌م له‌گه‌ڵ مام کوێخا له شه‌ڕێکدا بریندار بووم و هاتمه هه‌نده‌ران. زۆری پێنه‌چوو کوڕی خاڵه ساڵه‌شم هاته ئه‌و وڵاته‌ی ئه‌منی لێبووم و پاش چه‌ند ساڵێک کوڕێکی مام کوێخاش که ئه‌ویش پێشمه‌رگه بوو هاته ئێره. سروشتییه که هه‌ر سی خزم هاتووچۆمان پێکه‌وه گه‌رمه و ساڵێ چه‌ند جارێک له‌لای یه‌کتر کۆده‌بینه‌وه. ئه‌وساڵ کاک ئه‌حمه‌د و کاک ئه‌سعه‌د هاتنه لای من و چه‌ند شه‌و و رۆژ پێکه‌و بووین و له کاتی منداڵی‌ڕا هه‌تا ئێستامان وه‌ورد ده‌داوه و باسی عه‌رش و قورشمان ده‌کرد. شه‌وانه له‌ترسی پرخه‌ی یه‌کتر هه‌ر که‌سه‌مان له قوژبنێک ده‌نووستین و سبه‌ینێکه‌ی یه‌کترمان تاوانبار ده‌کرد که نه‌مان هیشتووه ئه‌وانی دیکه بنوون! رۆژی پێنج شه‌ممه رێکه‌وتی 27 ی مانگی دیسامبری 2007 کاک ئه‌حمه‌د و کاک ئه‌سعه‌د و منداڵه‌کانی دوانیوه‌ڕۆیه ساز بوون تا به‌ره‌و شاره‌که‌ی خۆیان وه‌ڕێ که‌ون. هه‌تا پارکینگی لای ماشێنه‌که‌یان له‌گه‌ڵیان چووم و به‌ڕێم کردن. هاتمه‌وه ماڵێ، گێژ بووم ده‌تکوت شتێکم لێ وون بووه، هه‌ر به‌نێو ماڵێ‌دا ده‌گه‌ڕام و حه‌جمینم نه‌بوو. بڕێکم خۆ له‌گه‌ڵ به‌یانی کچم خافڵاند، ئه‌ویش زۆری پێنه‌چوو خه‌وی لێکه‌وت. به‌یانم به‌جێ هێشت و هاتمه ژوری دانیشتنێ. له‌سه‌ر موبله‌کان دانیشتم و گه‌شتێکم به‌ناو کاناڵه کوردییه‌کاندا لێدا له‌هه‌مووی هه‌ڵخستنه‌وه و قونبادان بوو.ته‌له‌یفونه‌که‌م زه‌نگی لێدا، هه‌ڵمگرت، کاک ئه‌حمه‌د بوو. پاش چاک و خۆشی ته‌نیا یه‌ک رسته‌ی کوت: مام کوێخای بابی ئه‌سعه‌دی کۆچی دوایی کردووه. هه‌ردووکمان بێده‌نگ و کاس بووین.ته‌له‌یفونه‌که‌م داناوه، خێزانم کوتی ئه‌وه چیه؟ چ بووه؟ پێموابێ نه‌م توانی حاڵیی که‌م، دیسان لێی‌پرسیم، کوتم مام کوێخاش به‌جێی هێشتین. له جێی خۆم دانیشتم و چاوم له گۆشه‌یه‌کی ماڵێ بڕی. له‌خۆم ده‌پرسی له‌وه به‌دواوه کێ له مه‌ناڵه‌ی پێشوازی له پێشمه‌رگه‌کان ده‌کا؟ رووحی شاد و که‌س وکاری سڵامه‌ت بن.


پایزە ، سروشت رەنگی گۆڕاوەو گەڵاکان بەرەنگی زەرد و سوورەوە یەک یەک و پۆل پۆل چڵەپۆپەی دارەکان بەردەدەن وبەدەم هەناسەی باوە بەرەو زەوی لوول دەبن. دیمەنی سروشت لە مانگەکانی ئەم وەرزەدا جوانییەکی بێوێنەی هەیە. ئەم جوانییە لە مانگی ئۆکتۆبردا دەگاتە لووتکە و لەگەڵ ئەوەی هەڵگری پەیامێکی خەفەت هێنەرە، بەڵام جۆراوجۆری رەنگەکان یارمەتیت دەدا زۆر خەفەتبار نەبی و لەجیاتی چوونە ناو قوڵایی ئەم ئاڵوگۆڕەی سروشت، ناچاری بڕوانیە رواڵەتی ئەم دیاردەیە.
یەکێک لەو رووەکانەی له وەرزی پایزدا دێتەبەر و خەڵکی تامەزرۆ پێی شاد دەبن، کوولەکەیە. رەنگی ئەم کوولەکەیە کە زیاتر بە کوولەکەی'' شەقەباغی'' یان '' شاقه‌باغی'' ناسراوه، نارنجی‌یه. له گونده‌کانی کوردستان، ئه‌وده‌م که ته‌ندوور باو بوو، سه‌ری شه‌وێ کوله‌که‌یه‌کیان له ته‌ندووری دامرکاوه‌ی پاش نانی ده‌نا وتا به‌یانی باش ده‌پیشا و ئه‌مجار ده‌یانشکاند و نێوه‌که‌یان ده‌ردێنا. دیاره تووه‌که‌یان لێ هه‌ڵداوارد و ئه‌وی دیکه‌یان که‌مێک سوور ده‌کردووه و کوله‌که‌ورۆنێکی باشیان پێ لێده‌نا.
پایزی ساڵی 1362ی هه‌تاوی ئه‌و ده‌م دێهاته‌کانی هه‌ردووبه‌ری جاده‌ی سه‌رده‌شت - مه‌هاباد هه‌ر له‌ژێر کۆنتڕۆڵی هێزی پێشمه‌رگه‌دا بوون. خه‌لکی ئه‌م گوندانه وه‌ک هه‌موو ناوچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان، رێزوخۆشه‌ویستییه‌کی زۆریان بۆ پێشمه‌رگه‌کان هه‌بوو. رۆژێکی پایزی ئه‌وساڵه له‌گه‌ڵ هاورێیه‌کی پێشمه‌رگه‌م به ناوی '' ئه‌کره‌م'' لای نیوه‌ڕۆیه گه‌یشتینه ئاوایی'' قۆزلوێی گه‌وره'' و میوانی ماڵه دۆستێکمان بووین که خزمی هه‌ردوکیشمان بوو.
له‌و ماڵه‌ی ره‌خته‌کانمان دانا و ته‌نیا تفه‌نگ و ده‌راغه‌که‌ی سه‌ریمان له‌گه‌ڵ خۆمان هه‌ڵگرت وچوینه حه‌وزوسه‌راوی ئاوایی و ده‌ست ودموچاومان شوشت و ته‌پ‌وتۆزی رێگامان له‌خۆ ته‌کاند. کاتێک گه‌ڕاینه‌وه ماڵه‌که، سفره راخرابوو و خاوه‌ن ماڵ له‌سه‌ر دۆشه‌گێکی ئه‌ستوور له‌لای سه‌رووی وه‌تاغێ چاوه‌رێی ئێمه بوو. پاش چاک و خۆشی و به‌خێرهێنان، فه‌رمووی سه‌رسفره‌ی کردین و هه‌موو له‌ده‌وری سفره‌ی کۆزیلکه‌مان به‌ست. چێشته‌که کووله‌که‌ی سوورکراوه بوو. به‌ڕاستی کابانی ماڵ ده‌ستره‌نگینی و لێزانی خۆی زۆر به‌جوانی ده‌رخستبوو. کووله‌که ره‌نگی خۆی پاراستبوو و له کاتی پیشاندن و سوور بوونه‌وه‌دا ره‌نگێکی زه‌ردی ره‌گه ره‌گه سووری تێکه‌وتبوو. بۆ ئێمه‌ی برسی و ماندوو ده‌تکوت خۆشترین خواردنی ئه‌م دنیایه‌یان له‌پێش داناوین. چه‌ند نردوو نانی تازه‌ته‌ندوور وگه‌رمیان له‌سه‌ر سفره‌ی بڵاو کردبووه‌وه.
زۆر به ئیشتیا پارویه‌کم سازکردو که‌وچکێکی فافۆنم له کووله‌که پڕکرد. خه‌ریک بوو که‌چکه‌که‌ی وه پاروه‌که‌م گێڕم، ده‌نگی ره‌گبارێکی هات. به‌دوای وی‌دا ده‌نگی چه‌ند ره‌گبارو ته‌کتیر...، گورجێکی پاروه به‌تاڵه‌که‌م دانا‌و تاوم دایه ره‌خت و تفه‌نگه‌که‌م و له گه‌ڵ ئه‌کره‌می وه‌ده‌ر که‌وتین، به‌ده‌م هه‌ڵاتنه‌وه ره‌خته‌کانمان له‌خۆدا و به خڕه‌که‌ی سه‌رووی ماڵان‌دا به‌ره‌و ئاغاسوور وه‌رێ که‌وتین. بۆ شوێنی ده‌نگی ته‌قه‌کانمان رووانی، دیتمان به‌هه‌ردوو تیره‌گی نێوان '' یاراڵی'' و قۆزلوێ و قۆزلوێ چوکدا گروهی زه‌ربه‌ت که تازه ئه‌حمه‌د ئافانی و ره‌شیدئاغایان ره‌گه‌ڵ که‌وتبوو به باسکه‌کاندا بڵاو ببونه‌وه و به قه‌ولی خۆیان راوه پێشمه‌رگه‌یان ده‌کرد.
گه‌یشتینه به‌نده‌نی شه‌ش رێیانێ و له‌وێ دانیشتین تا ماندوومان بحه‌سێته‌وه. نه‌رمه‌بایه‌کی پایزی فێنکی کردینه‌وه و ئاره‌قه‌ی له‌شی لێ ساردکرینه‌وه .جاش و پاسداره‌کان له‌نێودێ لێمان ده‌گه‌ڕان و ئێمه‌ش له‌شه‌ش رێیانێ له‌و باسکانه خۆمان خافڵاند تا سێبه‌ر به‌سه‌ر وڵاتی کشا و هێدی هێدی به‌ره‌و قۆزلوێ داگه‌ڕاینه‌وه. دیسان چووینه‌وه ماڵه خانه‌خوێیه‌که‌ی نێوه‌ڕومان، به‌ڵام نه سفره له‌گۆڕێ بوو نه کووله‌که‌ش مابوو. له‌و رۆژه‌وه تا ئێستا هه‌مووساڵێ به ئیشتیای ئه‌ورۆژه‌ی کووله‌که‌ی ده‌کڕم و لێیده‌نێم به‌ڵام نه ئه‌و ره‌نگ و نه‌ئه‌و تامه‌م لێ نه‌چێژتووه، دیاره ئه‌ویشم نه چێشت به‌ڵام بۆنه‌که‌یم هه‌ڵمژتبوو. ئیستا که ئه‌وانه ده‌نووسم تازه‌م 8 نان به کووله‌که‌یه‌وه خواردووه، به‌ڵام داخه‌که‌م نه ئه‌کره‌مم له‌گه‌ڵه نه له کوردستانم. ئه‌کره‌م چه‌ندساڵ دواتر له شه‌ڕێکی نێوان پێشمه‌رگه‌کانی حیزب و جاش و پاسداره‌کانی مۆڵگه‌ی مێره‌دێ له ناوچه‌ی .مێرگه‌نه‌خشینه‌و شێخ‌چۆپان له‌شه‌ڕێکی قاره‌مانه‌نه‌دا شه‌هید بوو. رووحی شاد و رێگای پڕرێبوار بێ و بێستانیش کووله‌که‌ی لێ‌نه‌بڕێ.
ماوه‌یه‌که هه‌ڕه‌شه‌کانی حکومه‌تی تورکیه بۆ هێرش کردنه سه‌ر باشووری کوردستان بووه‌ته جێی سرنجی راگه‌یه‌نه‌ره‌گشتییه‌کان. بیانووی رواله‌تیی ئه‌م هه‌ڕه‌شه و ئه‌گه‌ری هێرشه، بوونی چه‌کدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان له کوێستانه‌کانی قه‌ندیله. دیاره ئه‌وه پاساوێکی رواڵه‌تییه‌و تورکه‌کان له‌بوونی پ‌ک‌ک زیاتر وه‌ک به‌هانه که‌لک وه‌رده‌گرن. له‌راستیدا پارتی کرێکارانی کوردستان ساڵی 1982 دامه‌زراوه‌و دوو ساڵ دواتر واته 1984 رێکخراوی ناوبراو پلانی جوڵانه‌وه‌یه‌کی چه‌کداریی لە باکووری کوردستان دارشت و له‌و ده‌می ڕا تا ئێستا ئه‌م خه‌باته بێ پسانه‌وه به‌رده‌وامه. لێره‌دا نامهه‌وێ بچمه سه‌ر باسی مێژووی پ ک ک. ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی باسه‌که‌مه، هه‌ڵسوکه‌وتی حکوومه‌تی تورکیه‌یه چ له‌ده‌وره‌ی ده‌وڵه‌تیی نیزامییه‌کاندا چ له‌ده‌وره‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیه غه‌یره نیزامییه‌کاندا. کێشه‌ی کورد تا ساڵه‌کانی ده‌یه‌ی نه‌وه‌دی زایینی و پێش رووخانی سۆڤیه‌ت هه‌رجاره‌ی له پارچه‌یه‌کی کوردستان‌دا به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان سه‌ری هه‌ڵداوه‌و ماوه‌یه‌ک گڕوبڵێسه‌ی شۆڕش گوڕوتینێکی وه‌به‌ر هه‌ستی به‌زۆر دامرکێنراوی کوردایه‌تی داوه‌ته‌وه و سه‌ره‌نجام پاش سات‌و سه‌ودایه‌کی زلهێزه‌کان و وڵاتانی داگیرکه‌ری کوردستان دامرکێنراوه‌ته‌وه. شۆڕشی شێخ سه‌عیدی پیران، شێخ مه‌حمودی نه‌مر، شۆڕشی بارزان و دامه‌زرانی کۆماری کوردستان له‌لایه‌ن حیزبی دێموکراتی کوردستان به سه‌رۆکایه‌تیی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د، شۆڕشی بارزانی نه‌مر، چه‌ند نمونه‌یه‌کن له‌و شۆڕشانه. له‌و سه‌رده‌مانه بارودۆخی ناوچه‌که به‌شێوه‌یه‌ک بوو که زیاتر کێشه‌که به‌قازانجی ده‌وڵه‌ته‌کان و به زیانی شؤڕشه‌کان ده‌شکایه‌وه. به‌ڵام دوای رووخانی دیواری بێڕلین و نەمانی جیهانی دووجەمسەری و پاشتر هێرشی سه‌دام حوسێن بۆ سه‌ر وڵاتی کوێت و هه‌ڵوێستی وڵاتانی جیهان به‌گشتی و وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا به‌تایبه‌تی، بارودووخی ناوچه‌که به‌ته‌واویی گۆڕاو کێشه‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ش له‌سه‌ر هه‌مان بنچینه‌ی پێشوو سه‌ریان هه‌ڵدایه‌وه. جیاوازی ئه‌مجاره‌ی ناوچه‌که له‌وه‌دا بوو راسته‌وخۆ پێی زلهێزێکی وه‌ک ئه‌مریکا وهاوپه‌یمانانی گه‌یشتبووه ناوچه‌که. ئەوە ئەکەم جارە زلهێزێکی وەک ئەمریکا راستەوخۆ بە هێزی نیزامیی خۆی هاتووەتە ناوچەکە. پیش‌تر ئەرکی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە لایان دەوڵەتە دۆستەکهانی لە ناوچەکەدا بەرێوە دەچوو. لەو سەردەمەدا وڵاتانی ئێران و تورکیە هاوپەیمانی ستراتێژیکی وڵاتانی رۆژئاوا بە گشتی و ئەمریکا بەتایبەتیی بوون. لەدوای سەرکەوتنی شؤڕشی نەتەوەکانی ئێران بەسەر دیکتاتۆڕی حەمەرەزاشای ئێران‌دا، ریزبەندیی وڵاتانی دۆستی ئەمریکا لە ناوچەکەدا درزی تێکەوت. پەرەئەستاندن و دروست بوونی حیزب و رێکخراوە توندرەوە ئیسلامییەکان کە ئەوانیش بەنۆرەی خۆیان مەترسییەکی درێژخایەن بوون بۆ وڵاتانی دۆستی ئەمریکا. بۆشایی نەبوونی کۆنە زلهێزی شورەوی لە مەیدانی سیاسی- نیزامیی جیهان‌دا ئەو دەرفەتەی بۆ ئەمریکا رەخساند کە بێ سڵ‌کردنەوە بنکەوبارەگاکانی لە خۆرهەڵاتی نێوەراست بڵاوکاتەوە. هاتنی ئەمریکا بۆ ناوچەکە ئاڵوگۆڕی گەورەی لەو ناوچەیە دروست کرد. بەرەبەرە ستراتێژی ئەمریکا لە پشتیوانیی دەوڵەتەکانەوە گوێزرایەوە بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ئەو وڵاتانە. نەتەوەی کورد کە ئه‌زموونی تاڵی له نیزیک بوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا هه‌بوو، سه‌ره‌تا به پارێزه‌وه ده‌ستی دۆستایه‌تییان بۆ لای ئه‌مریکاییه‌کان درێژ کرد. به‌ڵام له‌درێژه‌ی حه‌وله‌کانی ئه‌مریکا بۆ رێکخستنی هێزه به‌رهه‌ڵه‌ستکاره‌کانی عێراق دژی رژێمی به‌عس و پاراستنی ئاسمانی کوردستان له‌به‌رامبه‌ر فرۆکه‌شه‌ڕکه‌ره‌کانی عێراق‌دا(1991تا2003) و سه‌ره‌نجام رووخاندنی رژێمی حیزبی به‌عس، ته‌می گومان له‌سه‌ر هه‌ڵسوکه‌وتی ئه‌مریکا و کورد ره‌وایه‌وه و پێوه‌ندییه‌کان به ئاشکرا و ته‌نانه‌ت باس له هاوپه‌یمانی کورد و ئه‌مریکا کرا. له کاتی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراقی فیدرال و یاسای نه‌وت و ...... ده‌رکه‌وت که ئه‌مریکا به‌ته‌مای ساز وسه‌ودا له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی کورد نیه و ته‌نیا به‌رواڵه‌ت زه‌خت بۆ کورد دێنێ، به‌ڵام ئه‌م زه‌خته زیاتر له‌و زه‌خته نه‌بوو که بۆ باقی پێکهاته‌کانی عێراقی دێنا. هاتنی ئه‌مریکا بۆ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌پێی ستراتێژی '' رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی نوێ''یه و تا وه‌دیهاتنی ئه‌م ئامانجه له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌مریکادا نیه پاشه‌کشه له ستراتێژی‌یه بکا. ده‌کرێ بۆ گه‌یشتن به‌و ستراتێژی‌یه تاکتیکی جۆراوجۆر هه‌ڵبژێرێت به‌ڵام ئامانجه‌کانی ناگۆڕدرێت. ماوه‌یه‌ک کۆماری ئیسلامیی ئێران پێیوابوو ئێستا که ئه‌مریکا رژێمی به‌عسی رووخاندووه به‌ره‌به‌ره رێگا بۆ ده‌ستێوه‌ردانی ئێران ئاوه‌ڵه ده‌بێ تا له‌داهاتوودا هێدی هێدی کۆپییه‌کی خۆی له عێراق‌دا دروست‌کا. به‌ڵام ره‌وتی رووداوه‌کانی عێراق له کاتی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور و قانونی نه‌وت و سیستمی فیدراڵی‌دا ده‌رکه‌وت که ویست و داواکانی ئێران که له‌لایه‌ن شێعه‌کانه‌وه نوێنه‌رایه‌تی ده‌کرا مه‌یدانی زۆر پێ‌نه‌دراو سه‌ره‌نجام هه‌ر ئه‌و شێوازه سه‌رکه‌وت که له‌گه‌ڵ ستراتێژی ''رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی نوێ'' ده‌یخوێنده‌وه. ئێستا که حکومه‌تی عێراق له‌سه‌ره‌خۆ به‌ڵام لێبڕاوانه به‌ره‌و ئارامیی و دامه‌زرانی سیستمی فیدڕاڵی ده‌چێ و ئه‌م سیستمه له‌ده‌ستووری عێراقی فیدڕاڵیش نووسراوه‌و و زیاتر له هه‌شتا له‌سه‌تی خه‌ڵکی عێراق ده‌نگیان بۆ داوه. ئه‌م سیستمه لانیکه‌م له هه‌رێمی کوردستان و ناوچه‌ی شێعه‌کان بووه‌ته ''دووفاکتۆ''. هه‌رێمی ئارامی کوردستان تا ئێستاش ته‌نیا شوێنی عێراقه ئه‌مریکاییه‌کان ده‌توانن وه‌ک نموونه‌ی سه‌رکه‌وتنیان له عێراق باسی بکه‌ن. له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا حکومه‌تی فاشیستی تورکیه به‌بیانووی بوونی چه‌کداره‌کانی پ ک ک ده‌یانهه‌وێ هێرش بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان بکه‌ن. له ڕاستیدا ئه‌وه‌ی تورکه‌کانی هێناوه‌ته سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه که هێرش بکه‌نه سه‌ر کوردستان بوونی هێزه‌کانی پ ک ک نیه. ماوه‌یه‌ک له‌مه‌و پیش مه‌جلیسی سێنای(مه‌جلیسی پێرانی) ئه‌مریکا پرۆژه‌ی پێشنیاری دابه‌شکردنی عێراقی بۆ سێ هه‌رێمی کورد، شیعه و سوننی په‌سند کرد. په‌سند کردنی ئه‌م پێشنیاره تورکه‌کانی هه‌راسان کرد و که‌وتنه حه‌ول بۆ به‌رگریی له جێبه‌جێ کرانی دابه‌ش کردنی عێراق و ته‌گه‌ره خستنه‌سه‌ر رێگای ئه‌م دابه‌شکردنه. ئه‌وه‌ی روون و ئاشکرایه ئه‌وه‌یه که ئه‌م ره‌وره‌وه وه‌گه‌ڕ که‌وتووه و ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست تووشی ئاڵ‌وگؤڕی قووڵ ده‌بێ. یه‌کێک له‌م ئاڵ‌وگۆڕانه‌ی راسته‌وخۆ پێوه‌ندی به تورکیه‌وه هه‌یه هاتنه‌ڕووی کیشه‌ی کورد له ئاستی جیهانی و باشتر بوونی هه‌ل‌ومه‌رجی کوردان له بواره‌کانی، سیاسی، ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت نیزامیدایه. تورکه‌کان باش له‌وه گه‌یشتوون چیدی نه‌ته‌وه‌یه‌کی چل ملیۆنی ناشاردرێته‌وه و کوردیان پێ به تورکی کێوی ناقه‌بڵێندرێ. تورکی کێوی ئه‌گه‌ر هه‌بن هه‌ر تورکه‌کان بۆخۆیانن که ئه‌ویش به ده‌ست خۆیانه که ده‌یانهه‌وێ هه‌ر کێوی بن یان تێگه‌یون کاتی ئه‌وه هاتووه که‌وی بن و له دنیای پێشکه‌وتووی ئێستادا شوێنی خۆیان ببیننه‌وه. هێرشی سه‌ربازیی تورکیه بۆ سه‌ر باشووری کوردستان ره‌نگه هێندێک زه‌ره‌دی ئابووری و گیانی بۆ کورد به‌دواوه بێ. به‌ڵام بێ‌شک کوردستان له سه‌ربه‌خۆیی نیزیکتر ده‌کاته‌وه و تورک ئه‌گه‌ر بۆ ریش بێن، سمێڵیشی له‌سه‌ر داده‌نێن.
چەند رۆژ لەمەو پێش لە راگەیەنە گشتییەکانی باشووری کوردستان‌دا هەواڵێک بڵاو بووەوە کە گوایە پێغەمبەر بەرەو هەولێر بەرێوەیە. سەرچاوەی ئەم هەواڵەش(هاتنی پێغەمبەر بۆ هەولێر) مامۆستایەک بە ناوی مەلا عەبدولخالەق، پێش‌نوێژی مزگەوتی رووناکی لە هەولێر بووە.
جەنابی مەلا عەبدولخالەق کەخۆی لەهەولێر دەژیی و پیشنوێژی خەڵکە، ئەم هەواڵەی لە ئێران بیستووە و ئەویش لەزمان کابرایەکی عەرەب کە نەخەڵکی عێراق بووە نە ئێران! زۆر سەیرە خانەخوێ ئاگادار نیە میوانی دێت بێگانە پێی دەڵێ . مەلا عەبدولخالەق دەڵێت پێغەمبەر تۆزاوی و خوێناوی و بە تاقی تەنیا بووە. ئەگەر وای دانێن کە خەونەکەی مامۆستا راستە و پیغەمبەر دێت بۆ هەولێر، دەبێ شتێک قەومابێ و نێوانی پێغەمبەر و جەنابی خودا تێک چووبێ و لە ئاکامدا پێغەمبەریان بە پاڵەپەستۆ لە بەهەشت دەر کردووە بۆیە بریندار و تۆزاویی بووە. وێشدەچێ کێشەی خودا و پێغەمبەر لەسەر مامۆستای وەک مەلا عەبدولخالەق بوبێ. خودا پاش هەزارو چوارسەت ساڵ کێردی گەیشتووەتە ئێسقانی و دیتویە لەو ماوە دورودرێژەدا ئۆمەتی محەمەدی خەلکی وەک مەلا خالەقی لێ هەڵدەکەوێ، ئەویش کوڵ‌وکۆی خۆی بە محەمەدی رشتووە و وەدەری ناوە و ئەمجارە نەک بوراق و جوبرائیلی نەداوەتێ بگرە وشترێکی‌یشی پێ رەوا نەدیوە و بە پێ‌یان وەسەحرایەی خستووە. بەبروای من پێغەمبەر هەر بگاتە هەولێرێ مل لەبەر ملی مەلا خالەقی دەنێ و کارێکی وای پێدەکا بابەدەواری شڕی نەکردبێ و بە مەلا خالەقی دەڵێ هەتا کەری وەک تۆ هەبێ حاڵی من لەوەی باشتر نابێ. مەلا خالەق لە خەونەکەشی‌دا هیچ ژن و شتی وای لەگەڵ پیغەمبەری نەدیوە وادیارە لەو 23 ژنەی پیغەمبەر هەیبوو، مەلا خالەق دەبێ جەوری ئەوانیش بکێشێ و میوانداریی لە خاتم‌انبیا بکاو لە خۆی رازی کا. هاتنی پێغەمبەری ئیسلام بۆ هەولیرێ ئەویش بەو شپڕێوی‌یەی مەلا خالەق باسی دەکا، نیشانەی باش نیە و ئاماژەی شومی تێدایە. پیغەمبەر دێت یان خۆی دەتەقێنیتەوە یان مەلا خالەقی فوو دەدا. هاندان و گاڵتە کردن بە عەقڵی خەڵکی ساویلکە لە لایەن ئاخوندەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەمێژە بووەتە یەکێک لە بناغەکانی مەزەبی شێعە، بەڵام وادیارە ئەم دیاردەیە خەریکە بەهۆی کۆلکە مەلای وەک مەلا عەبدولخالەقەوە وەک دیاریی ئاخوندەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەو باشووری کوردستان بێت. شێعەکان لەمێژە چاوەرێی کابرایەکن بەناوی مەهدی کە جگە لە خۆیان کەس نازانێ کێ‌یە و بەری چ دارێکە!
مەجلیسی سەنای ئەمریکا سەرەنجام رۆژی سێشەممە 25 ی سپتامبری 2007 سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی وەک هێزێکی تیرۆریستی لە قەڵەم‌دا. ئەم هەنگاوە هەرچەند ناتەواو و درەنگ هەڵێنراوە بەڵام هەنگاوێکە بەرەو ئاراستەیەکی دروست. کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لەسەرەتای هاتنە سەرکاری تا ئێستا رژێمێکی دیکتاتۆڕی و تیرۆریستی بووە. سووکە ئاوڕێک لە تیرۆر و ناسنامەی تیرۆر ئەوەمان پێ دەڵێ کە تیرۆر یانی پێکهێنانی ترس،تۆقاندن، رەشەکوژی و کۆمەڵکوژیی کوێرانە و کوشتنی کەسانی بێ‌تاوان. کۆماری ئیسلامی ئێرانیش هەر لەسەرەتای دامەزرانییەوە هەموو ئەو کارە تیرۆریستییانەی بەرێوە بردووە. بێدادگاگانی رژێم لەکوردستان و ئێران لە دەورەی سادقی خەلخالی حاکمی شەرع ، هەڵایسانی شەڕ لەدژی نەتەوەی کورد و ئازادیخوازانی دیکەی ئێران، تۆپ و خۆمپارەبارانی شار و گوندەکانی کوردستان و کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی ئاواییەکانی، قاڕنێ، قەڵاتان، ئیندرقاش و ... . تیڕۆری رێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کادر و پێشمەرگەکانی هێزە خەباتکارەکانی کوردستان. پێکهێنان و پشتگیری رێکخراوی تیرۆریستی لە ولاتانی دەوروبەری ئێران و رۆژهەلاتی ناوەراست و تەگەرە خستنە سەر رێگای ئاشتی فەلەستین و ئیسرائیل، تەقاندنەوەی سەفارەتی ئەمریکا لە بەیروت و ناوەندی جولەکەکانی ئارژانتین، تەنیا بەشێکی ئاشکرای جم‌وجۆڵە تیرۆریستی‌یەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانن. بەکورتی ناکرێ پێناسەی تیرۆریزم لە پێناسەی کۆماری ئیسلامی جوێ بکرێتەوە. ئەم رژێمە تیرۆریستە بەم رابردوو و پەروەندەوە ماوەی 19 ساڵە بەدزی وبە پێچەوانەی هەموو بڕیارە نێونەتەوەییەکان لەمەڕ سنووردارکردنی دەستراگەیشتن بە تێکنۆلۆژی ئەتۆمی و پیتاندنی یۆرانیۆم لە حەولی وەدەست خستنی ئەم تێکنۆلۆژیە بۆ دروستکرنی چەکی کۆمەڵکوژیشە. هەرچەند ئیدەئۆلۆژی ئیسلامی توندرۆی شێعە خۆی لە خۆیدا جۆرێک لە کۆمەڵکوژییە و ئەم ئیدەئۆلۆژیە مێشکی خەلکی پێ دەشۆنەوە و بەکۆمەڵ بەرەو مردنیان دەنێرن، هەر وەک لە کاتی شەڕی ئێران و عێراق دیتمان چلۆن بەهەزاران کەسیان وەدوای ئیمام زەمانی دەستکرد دەخست و وەسەر مەیدانی مینیان دەپەڕاندن. بەتیرۆریست لەقەڵەم‌دانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، واتای تایبەتیی هەیە. سپای پاسداران بڕبڕەی پشتی کۆماری ئیسلامیە و ئەو سپایە ئێستا بووەتە هێزێکی نیزامیی، سیاسی وئابووری و بە واتایەکی دیکە سێ کۆڵەکەی گرینگی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. دوابەدوای هاتنە ئارای بیری رۆژهەڵاتی ناوینی نوێ، روون و ئاشکرا بوو بە مانەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەو قەوارە و سروشتەی هەیەتی، ئەم پرۆژەیە سەر ناگرێ و رووداوەکانی پاش رووخانی رژێمی بەعس لە عێراق راستیی ئەم بۆچوونەی سەلماند. چاوخشاندنێک بە نەخشەی پێکهاتەی نەتەوەیی وڵاتەکانی ، ئەفغانستان، پاکستان، هیندوستان، ئێران، عێراق، یەمەن، عەرەبستان، کوێت، سوریە و لوبنان و ئۆردۆن و فەلەستین و بوونی حەشیمەتێکی زۆری شێعە مەزەب لەو وڵاتانە مەترسیی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانمان بۆ دەسەلمێنێ و ئەگەر ئەم رژێمە بە چەکی ئەتۆمی‌یش تەیار بێ ئەوە ئیدی کارەساتەکە چەند هێندە گەورەتر دەبێ. ئەم خەڵکە شێعە مەزەبە هەر لە ئەفغانستانەوە تا دەگاتە فەلەستین لە ناوچەیەک نیشتەجێن کە سەرچاوەی نەوتی ناوچەکەن و هەر بەو پێیەش پێگەیەکی ستراتێژیکی گرینگن لە باری ئابووری‌یەوە. بە بڕوای من رێگا چارەی بنەڕەتی ئەم کێشەیە و بەرەو پێش چوونی پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوینی نوێ بە تاران‌ی پاش کۆماری ئیسلامیی ئێران دا تێدەپەڕێ و بە مانەوەی کۆماری ئیسلامی لە سەر دەسەڵات و بە شێوەی ئێستای نەک هەر کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر نابن، بگرە لە داهاتوویەکی نەهێندە دووردا ئەم سەرێشەیە توشی هەموو وڵاتانی جیهان بەگشتی و وڵاتانی پێشکەوتووی سەنعەتی بەتایبەتی دەبێت.
کەماڵ
شەوی 23 ی سێپتامبری 2007 کاک مستەفای هیجری، سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێک لە گەڵ تیشک تێ‌ڤێ بەشداری کرد و باسی هێندێک مەسەلەی پێوەندیدار بە کوردستان و ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد. لە کۆتایی وتووێژەکەدا کە مەبەستی سەرەکی وتووێژەکەش بوو، کاک مستەفا باسی نەخشی مامۆستا عەبدوڵا حەسەن زادەی کرد لە کاتی یەکگرتنەوەی دوو باڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران-رێبەرایەتیی شۆڕشگێر. کاک مستەفا لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کوتی، مەبەستی مامۆستا حەسەنزادە لەو تێکەڵکردنەوەیە تواندنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان- رێبەرایەتیی شۆڕشگێر بووە. رەنگە لە یەکەم سرنجدا ئەم پرسیارە بیتە گۆڕێ کە بۆچی کاک مستەفا ئەم مەسەلەی ئاوا درەنگ باس کردووە؟ بڵێی مەبەستی کاک مستەفای هیجری دروستکردنی دووبەرەکایەتیی لە نێو ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا نەبێ؟ بەڵام مەبەستی کاک مستەفا هەرچی بێ، ئەم راستییە ناشاردرێتەوە کە رەوتی روداوەکانی دوای تێکەڵبوونەوەی حدکا و حدکا-رێبەرایەتیی شۆڕشگێڕ دەریخست، بەداخەوە مامۆستا حەسەنزادە ئەم کارە گەورە وپیرۆزەی بە مەبەستێکی ناپیرۆز کردووە و لە پشت ئەم رواڵەتە تەبایی خوازەدا پیلانێکی بێویژدانانە لە ئارادا بووە. ئەم پیلانە هەر لە سەرەتای یەکگرتنەوەکەدا دیار بوو بەڵام هەست بە بەرپرسایەتی کردن وای دەکرد کە مرۆڤ زۆر سرنجی نەداتێ و پێمان وابوو رەنگە بەتێپەڕینی کات ئەم دیاردەیە بگۆردرێ . ساڵ تێپەڕین و کۆنگرە لە دوای کۆنگرە بەرێوە چوون. لایەنی رێبەرایەتیی شؤڕشگێر لە هەر بۆنەیەک دا دەبوو قوربانی بدا و وەک مریشک لە شایی وشین‌دا لێیان سەردەبڕدرا. هەموو ئەوانەی لە نزیکەوە ئاگاداری رووداوەکانی نێو حیزبی دێموکراتی کوردستانن دەزانن چەندە ناحەقی لە ئەوانە دەکرا کە سەردەمێک لەگەڵ حدکا-رێبەرایەتیی شۆڕشگێڕ بوون. ئەوان لە کەشو هەوایەکی پڕ لە تەبایی و هاودڵی را تیکەڵی کەش و هەوایەکی ئاڵۆز، دژبەر و ناتەبا کرابوون. ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران پێش ئەو تێکەڵبوونەویە وەک دوو لینگە بەرداش دابەش ببوون و لایەنی حدکا-رێبەرایەتیی شؤرشگیڕ وەک گەنمی بەهاروو کرانە نێو ئەو لینگە بەرداشانەوە.لایەنی کاک مستەفا هیجری پیێان وابوو ئەوان بەو تێکەڵبوونەوەیە غەدریان لێکراوە و تای تەرازوو بەلای مامۆستا حەسەنزادەدا شکاوەتەوە. مامۆستا حەسەنزادەش بۆ دڵنەوایی کاک مستەفا هیجری حازر بوو هەموو شتێک بکا هەر لە شکاندنی کەسایەتیی کەسانی سەر بەرێبەرایەتیی تا داتاشینی یاسا ورێسای وا کە هەر خۆی سەرەندەری لێدەردەکرد. بۆ وێنە تەمەنی 70 ساڵی کرد بە دوایین کات بۆ بوونە ئەندام لە کۆمیتەی ناوەندی. ئەوەی تەنیا لەبەر کاک جەلیل گادانی هینا و گەرچی بڕیار بوو، بەڵام کوتە کاغەزێکی وەک یاسای خانەنشین کردن نەدا بە کاک جەلیل. کاک مستەفا هیجری لە وتووێژەکەیدا دەڵێ: زۆر جار کۆبونەوەی دەفتەری سیاسی لە جێگای دیکە بەرێوە دەچوو چونکە دەیکوت باوەڕم بەو برادەرانە نیە و نهێنی حیزب لەدەرەوە دەدركێنن. ئەوە ئەگەر وابووبێ دەکرێ بە لوتکەی هەلپەرەستیی و ناراستیی مامۆستا عەبدوڵا حەسەنزادە لەقەڵەم بدرێ و ناکرێ باوەڕی پێ بکرێ کە ئیستاش ئەم گەندەڵ فێڵانە ناکا و درێژەیان پێ نادا! مامۆستا عەبدوڵا حەسەنزادە سەرەنجام بۆخۆشی هەر ئەو کارەی کرد کە ساڵی 1988 رێبەرایەتیی شۆرشگێڕ کردی. هەرچەند لێرولەوێ مامۆستا باسی وەی کردووە کە جیابوونەوەی ئەمجارە جیاوازی هەیە و ئەوە لەت بوونە چونکە ئەندامانی دەفتەری سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی بە مەسئولییەتەوە تێیدا بەشدارن! دەکرێ مامۆستا وەڵام بداتەوە کە توانایی و کەسایەتیی کەسەکان بەستراوەتەوە بەو پۆستەی هەیانە لە حیزب‌دا یان ئەوە شتێکی جیاوازە؟ ئەگەر کەسایەتی کەسەکانی ناو حیزب بەستراوە بەو چەند دەنگە بێ کە لە کۆنگرە و کۆنفرانسان پێ‌یان دەدرێ، دەبێ بەو ئاکامە بگەین کە ئێستا مامۆستا هیچ نیە چونکە یەک دەنگی کۆنگرەی لە پشت نیە. بەڵام مەسەلەکە وا نیە، کەسایەتیی خەڵک لە کار‌و تێکۆشان و کردەوەی کەسەکاندایە نەک لە وەدەست هێنانی چەند دەنگ لە کۆنگرەدا کە مامۆستا بۆخۆی باش دەزانێ بەشێک لەو دەنگانە چۆن وەدست دێن. بە پێچەوانەی بۆچوونی هێندێک کەس و یەک لەوان مامۆستا حەسەنزادە کە پێ‌یان وایە جیابوونەوەی ئەمجارە جیاوازی هەیە، هیچ جیاوازییەک لەنێوان ئەمجارە و جاری پێشوو لەگۆڕێ دا نیە ئەوە نەبێ ئەو جار مامۆستاش ئێشی پێ گەیی و تێیانگەیاند کە ئەو ئەوە نیە کە بۆخۆی پێیوایە و ئەویش جێی پی لێژ دەکرێ وکرا. تەنیا جیاوازییەک کە لە نێوان جیابوونەوەی ئەمجار و ساڵی 1988 هەیە ئەوەیە کە ئەودەم هەڵوێست لەبەرابەر غەدر و ناحەقی کاک دوکتور قاسملو وکاک دوکتور شەڕەفکەندی دا گیرا، بەڵام مامۆستا لەبەرامبەر کاک مستەفای هیجریدا هەڵوێستی گرتووە. بەلام ئەگەر بۆ مێژووش بێ با باسی ئەوەش بکەین کە جەنابی مامۆستا مەلا عەبدوڵا حەسەنزادە کە جیابوونەوەی ساڵی 1988 بە کوفر دادەنێ و هێشتاش بەرخوردی لەگەڵ ئەوانەی ئەودەمی هەڵوێستیان گرت خصمانە ی شاراوەیە، بۆخۆشی لە سەروبەندی سکرتێری کاک دوکتور سەعید دا، جارێک لە کاک دوکتور سەعیدی شەڕەفکەندی تۆراو هاتە سولێمانیە ماڵە سەید جەمیلی پەنجەی و تەلیفونی بۆ مەقەری رێبەرایەتی شورشگێڕ کرد و کوتبووی پێی خۆشە چاوی بە برادەران بکەوێ. دیارە تەلیفونەکەی بە کاک سەید جەمیل کردبوو. هەتا بەرپرسی مەقەری سولێمانیە مەسەلەکەی لەگەڵ سەرکردایەتیی رێبەرایەتی شؤڕشگێڕ باس کردبوو وئاگاداریان کردبووە کە لێی بپرسێ وەک چی دەیهەوێ چاوی بە برادەران بکەوێ، مینی بوسێک بە چەند نەفەران کە یەک لەوان کاک حەسەن شەڕفی بوو هاتن مامۆستا مەلا عەبدوڵایان بردەوە دەفتەری سیاسی خۆیان. شاهیدانی ئەم رووداوە زۆرن و زۆریان زیندوون. ئەوەی روون و ئاشکرایە ئەوەیە کە نە جیابوونەوەی ئەو دەم هەڵە بووە نە هی ئەمجار، چونکە کاتێک بەربەست بۆ کەس یان کەسانێک لە حیزبێک دا دادەندرێ و هیچ رێگایەک لەبەر دەم نامێنێتەوە، خەڵک بۆ شۆرش و خەبات پێویستی بە ئیزن و رەزامەندیی کەس نیە جا ئەو کەسە هەر کەسێک بێ، ئەوان خەباتی خۆیان هەر درێژە دەدەن جا لەگەڵ یان بێ ئەوان. ئەمن پێم وایە جارێک و بۆ هەمیشە مامۆستا عەبدولای حەسەنزادە دەبێ بە سەداقەتەوە لەگەڵ ئەوانەی سەرەڕای هەموو کەم لوتفی و لەپەڕاوێز خستنیان هەر وا بە سەداقەتەوە متمانەیان داوەتێ و جڵەوی حیزبیان پێ سپاردووە بجوڵێتەوە و ئەو تەمی شک وگومانە بە کردەوە بڕەوێنێتەوە. یەکێک لە بناغە سەرەکییەکانی خەبات سەداقەت و متمانە پێککردنی هاورێیانە. مامۆستا ناتوانێ باسی نوێ بوونەوە بکا ئەگەر بەکردەوە هەر ئەو رەفتارەی هەبێ کە لە سالەکانی سکرتێری خۆی کردونی و قەولی توانەوەی خەڵکی داوە. دەبێ مامۆستا لەوە دڵنیا بێ ئەو شتەی ئەو حەولی توانەوەی دەدا لەمێژە بووەتە فەرهەنگێکی پیرۆز و سەرچاوەی سەداقەت، متمانە و دڵفراوانی و شؤڕشگێڕی و لێبووردەیی . هەموو ئەو سیفەتە باشانەیە کە ئەوان بێ سڵ‌کردنەوە متمانەیان داوەتە مامۆستا و هیوادارم مامۆستاش بە هەمان روحیە هەڵسوکەوت بکا دەنا خەبات بێ زۆرکەسان بەرێوەچووە ودەچێ.
کەماڵ
ئه‌و سێ که‌ره‌ی ده‌یانبینن، له که‌ره هه‌ره ره‌سه‌نه‌کانن، .به منداڵی که‌م منداڵه کورد هه‌یه ئاشقی غاره‌که‌ر نه‌بووبێ و به ده‌یان جار که‌ر هه‌ڵیان نه‌هاویشتبێ.به‌ڵام ئه‌و له‌زه‌ته‌ی له غاره‌که‌ر دا هه‌بوو، کێیه پێی له سواره ته‌یاره خۆشتر نه‌بووبێ؟ دیاره مه‌به‌ستم ئه‌وانه نیه که هه‌ر زگ‌ماک له ته‌یاره‌دا له دایک بوون.

ساڵی 1986 کاتێک هاتم بۆ ئێره،ئه‌م شاره یه‌که‌م شاری جێی ژیانم بوو، کورد گوته‌نی :پێڵاوی غه‌ریبیم له‌وێ کرده‌وه.ماوه‌ی دوو ساڵ و چه‌ند مانگی لێژیام.به‌هۆی ته‌نیایی و دووری له هاونێشتمانه کورده‌کانم و ته‌ریک مانه‌وه له‌وێ، بارم کرد و گوێزتمه‌وه بۆ شارێکی دیکه‌ی نیزیک ئه‌وێ. شاری تازه‌م زۆر له شاره‌که‌ی پیشووترم دوور نه‌بوو،به‌ڵام ئه‌م شاره نوێ‌یه کوردی زیاتر لێ بوو. هێدی هێدی خه‌ریکی فێربوونی زمان و ژیانی تازه‌م بووم.رۆژێکی گه‌رمی به‌هار، مامۆستاکه‌مان هه‌ستی کرد ئه‌من مات و وه‌ڕه‌زم، لێم هاته پێش و لێی پرسیم،بۆ وا ماتی؟ به بێ‌وازی رووم تێکرد و پێم کوت،بێری وڵاتی خۆمان ده‌که‌م.سه‌رێکی راوه‌شاند و کوتی لێت حاڵیم، به‌ڵام چ شتێک لێره نیه که له وڵاتی خۆتان هه‌یه؟ ئه‌منیش ئه‌و ده‌م زمانه‌که‌م له‌و ئاسته‌دا نه‌بوو هه‌موو هه‌سته‌کانمی له‌مه‌ڕ وڵاته‌که‌م بۆ باس که‌م، هه‌ر بۆیه هه‌موو هۆشی خۆم کۆکرده‌وه‌و پێم کوت: بیری کانیاوی وڵاتی خۆمان ده‌که‌م.بڕێکی قسه له‌گه‌ڵ کردم، له‌هه‌موو وشه‌کانی نه‌ده‌گه‌یشتم به‌ڵام شێوازی قسه‌کانی له دڵدانه‌وه و شتی وا ده‌چوو.ئه‌و رؤژه‌ی ئه‌م قسانه‌م له‌گه‌ڵ مامۆستاکه‌م کرد رۆژی چوارشه‌ممه بوو. رۆژی شه‌ممه کاتژمێر 11ی به‌یانی بوو ته‌له‌فۆنی ماڵێ(ئه‌وده‌م ته‌له‌فۆنی موبیل) ئه‌گه‌ریش هه‌بوایه لانیکه‌م ئه‌من نه‌م‌بوو،زه‌نگی لێدا.ده‌نگی ژنێک هات و لێی پرسیم:
له‌ماڵی؟
به‌ڵێ.
کاتت هه‌یه بێم به‌دواتدا؟
به‌ڵی به‌ڵام ئیوه کێن؟
نامناسی؟
نه‌خێر.
ئه‌من مۆنیکام مامۆستای خۆت له قوتابخانه.
ئه‌ها،زۆر باشه،به‌خێر‌بێی، چاوه‌ڕوانت ده‌بم.
پێتان وانه‌بێ چۆنی لێره‌م نووسیوه هه‌ر وا به هاسانی لێی حاڵی بووم، باوه‌ڕ که‌ن بۆوه‌ی له‌قسه‌کانی حاڵی بم، وه‌هام ''گوشی'' ته‌له‌فۆنه‌که به‌گوێمه‌وه نووساندبوو تاوێکی باشی پێچووبوو، ده‌تگوت گوێچکه‌م دروێشم کراوه و سوور هه‌ڵگه‌ڕابوو.
زۆری پێنه‌چوو، له زه‌نگی ده‌رکه‌یان‌دا. ده‌رکه‌م کرده‌وه، مۆنیکای مامۆستا‌م بوو، کیژۆڵه‌یه‌کی قژزه‌ردی چاوشینی خوێن شێرین و له‌به‌ردڵانی ده ساڵانه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی هێنابووه به‌ر ده‌رکه‌ی. به‌خیر هاتنم کردن و فه‌رمووی ژورێم کردن.مۆنیکا، کچه‌که‌ی خۆی پێناساندم و کوتی ناوی '' لیسه‌لۆته'' به‌ره‌سمی لای خۆمان ده‌ستیکم به‌سه‌ری داهێنا و پاشان هه‌مان ده‌ستم به‌ژیر چه‌نه‌یه‌وه گرت و خۆم دانه‌واند و ده‌م و چاوم برده رێکی ده‌م وچاوی و هه‌موو ئه‌و وشه سوئێدییانه‌ی فێری ببوم کۆم کردنه‌وه و لێم پرسی (واد گاماڵ ئه‌ر دوو؟) ئه‌من به حیسابی خۆم لێم پرسیوه'' ئه‌تۆ چه‌ند ساڵی؟''به‌ڵام کێژه‌که ره‌نگی ده‌م و چاوی وه‌ک گوڵاڵه سووره پشکووت و چاوێکی له دایکی کرد و دایکی پێی کوت مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه ته‌مه‌نت چه‌نده؟ خێرا تێگه‌یشتم ده‌بێ هه‌ڵه‌یه‌کم کردبێ. سوئێدی شتێکی زۆر باشیان هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه رووشکێن نین و هه‌ر له‌کاتی قسه کردن دا بێ ئه‌وه‌ی خۆیان به قسه و پرسیاره هه‌له‌کانی به‌رامبه‌ره‌که‌یان شلوێ بکه‌ن، وشه و رسته راسته‌که‌ت فێر ده‌که‌ن، به‌و شیوه‌یه که قسه یان پرسیاره هه‌ڵه‌که‌ت ئه‌وان به دروستیی دووپات ده‌که‌نه‌وه. دایکی'' لیسه‌لۆت''یش پرسیاره سه‌قه‌ته‌که‌ی منی ئاوا چاک کرده‌وه و به کچه‌که‌ی کوت'' هان مێنار هوێر گاماڵ ئه‌ر دوو''. ماڵی ئاوا بێ هه‌م ئه‌منی فێر کرد هه‌م نه‌یهێشت دڵی ئه‌م فریشته چکۆله‌م لێ بیشێ، ئاخر ئه‌من پێم کوتبوو '' ئه‌تۆ چه‌نده پیری!'' هه‌ر چۆنێک بێ مۆنیکا تێیگه‌یاندم که به‌خۆی و مێرد و منداڵه‌کانی به ماشێن هاتوون به‌دوامدا بمبه‌ن بۆ سه‌ر '' کانی''! وه‌بیرم هاته‌وه، ئه‌من رۆژی چوارشه‌ممه له‌سه‌ر که‌لاسی ده‌رس پێم کوتبوو بیری وڵاتی خۆمان ده‌که‌م و هه‌موو بیرکردنه‌که‌شم له '' کانیاو'' دا کۆکردبووه‌وه.له پلیکانان چوینه‌خوارێ و له‌به‌ر ده‌رکه ماشێنه‌که‌ی راگرتبوو. سڵاوم له میرد و منداڵه‌که‌ی دیکه‌ی کرد و سواری ماشێنه‌که بووم. مه‌ودایه‌ک به رێگایه‌کی باریک و پێچاوپێچدا لێیخوڕی، گه‌یشتینه ده‌شتایی‌یه‌ک. پۆله‌دارێک له نێوه‌ڕاستی ده‌شتاییه‌که به شنه‌ی با ده‌شنانه‌وه.ماشێنه‌که‌یان راگرت و کوژاندییانه‌وه. هه‌موومان دابه‌زین. مۆنیکا هاته ته‌نیشتم و کوتی ئێمه‌ش کانیاو‌مان هه‌یه، کوتم ئه‌ی کوا؟ وه‌پێشم که‌وت و چه‌ند میتر له‌ولای جاده‌که شوێنێکی بژوێن و سه‌رسه‌وزمان لێوهدهر که‌وت. گه‌یشتینه پنگه‌ڵانێک، پنگه ده‌گه‌یشتنه سه‌رووی سینگمان. جۆگه‌له‌یه‌کمان لێوهدهر که‌وت و پاشان کانیاوێکی روون و سارد. له‌و ده‌شتاییه ئاوێکی زۆر و سارد و روون له نێو ره‌ڵم و خیزێکی زۆر ورد هه‌ڵده‌قوڵی.بڕێک له‌ولاتر کانیاوێکی دیکه‌ی لێ‌بوو، ئه‌ویان سه‌رچاوه‌که‌ی باش دیار نه‌بوو، به‌ڵام پلووسکێکی داریان تێگرتبوو ئاوێکی زۆری پێدا ده‌هات و ئاوی هه‌ر دوو کانیاوه‌که له جۆگه‌یه‌کدا تێکه‌ڵ ده‌بوون و به‌و ده‌شته‌ی دا ده‌خوشین و ده‌بریسکانه وه. له خۆشی کانیاوان مۆنیکاو ماڵ ومنداڵێم له‌بیرچۆوه،له ده‌راوی کانیاوه‌که و له قه‌راغ جۆگه‌که قولێکم کوزه‌ڵه هه‌ڵقه‌ند و ده‌ستم به‌خواردنی کرد. ورده ورده به قه‌راغ جۆگه‌که‌دا رۆیشتم، له خه‌یاڵی خۆمدا گه‌ڕابوومه‌وه کوردستان و له یه‌کێک له گونده‌کانی وڵاتی خۆمان به نێو جۆگه‌یه‌کدا که ئاوکه‌یان بڕیبوو و ته‌ختی جۆگه‌که هێشتا فێنک و هێندێک شێ‌دار بوو ده‌رؤیشتم و چاوم له رێگای بێریان ده‌کرد، له‌پڕرا ده‌نگی مۆنیکای مامۆستا‌م له‌و خه‌یاڵه خۆشه‌ی راچڵه‌کاندم و وه‌بیری هێنامه‌وه له کوێم و کات دره‌نگه ده‌بێ بگه‌ڕێنه‌وه. له‌و کاته‌وه تا ئێستا هه‌ر کات رێگام له‌و ناوچه‌یه ده‌که‌وێ، سه‌رێکی ئه‌و کانیاوه ده‌ده‌م و ئه‌وه بووه‌ته عاده‌تی هه‌موو ساڵێکم، ره‌نگه له‌م هاتووچۆیه‌دا ئه‌گه‌ر به خه‌یاڵیش بێ سه‌رێکی لاوێتی خۆم بده‌مه‌وه که ئه‌و ساڵ رێک 21 ساڵه و ساڵ له‌دوای ساڵیش زیاترم لێ دوور ده‌بێته‌وه.
که‌ماڵ
لە درێژەی تۆپ‌بارانی گوندەکانی کوردستانی گەرمێن لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە و نارەزایەتیی دەربڕینی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە بە‌غدا، بەرپرسێکی ینک‌یش بە ناوی شێخ جه‌عفه‌ر مستەفا له دیمانه‌یه‌کدا له‌بڵاوکراوه‌ی ئاوێنه ی ژوماره85 دەنگێکی لێوەهات و هەرەشەی لەو حیزب ولایەنانە کرد کە بە قسەی ویی دەیانهەوێ نێوانی ینک و کۆماری ئیسلامیی ئێران تێکدەن. پێشه‌کی پێویسته ئه‌وت پێ بڵێم که که‌س جورئه‌تی ئه‌وه ناکا نێوانی ئێوه و کۆماری ئیسلامیی ئێران تێکدا،ئه‌و دۆستایه‌تییه‌ی ئێوه‌و کۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌ریایه‌ک خوێنی هاوبه‌شتان بۆ رشتووه و هاوسه‌نگه‌ری له‌مێژینه‌ن وئه‌م کاڵایه ته‌نیا پڕبه‌باڵای ئێوه‌یه‌و به‌س،به‌ڵام پێم خۆشه ئێستا که ئێوه هێنده شانازی به دۆستایه‌تیی له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌که‌ن، داوایان لێبکه‌ن شریتی قسه‌کانی عه‌لی ئه‌کبه‌ری هاشمی ره‌فسنجانی‌تان بۆ بنێرن که چه‌نده دۆستانه باسی مام جه‌لال ده‌کا و باسی لێهاتوویی سیاسیی مامه ده‌کا، جا دوایه کیسه‌ی بۆ لێده‌ن و پێی هه‌ڵبڵێن! کاتێک مرۆڤ لەم دەنگە ناسازە خورددەبێتەوە،پێش هەر شتێک ئەوەی بە زەین‌دا دێ کە بڵێی ئەم قسەیە هی کەسێکی وەک شێخ جه‌عفه‌رمسته‌فا بێ که گوایه وه‌زیری پێشمه‌رگه‌شه؟ بەڵام هەر کە سوکە ئاوڕێک لە رابردووی بەشێک لە سەرکردایەتیی ینک دەدەیەوە بۆت دەردەکەوێ کە ئەوە نەک هەر راستە بگرە درەنگیشە!مێژوو ده‌ریخستووه که ئه‌وان ئه‌وه‌نده‌ی شه‌ڕی کوردیان کردووه و کوردیان کوشتووه نیوه‌ی ئه‌وه‌نده‌یان شه‌ڕی دوژمن نه‌کردووه و نه‌کوشتووه. به‌شێک له سه‌رکردایه‌تیی ینک لەمێژە هەگبەی کوردایەتی خۆیان سوکبار کردووە وملیان لە خزمەتی بێگانان ناوە. ئەوە بەداخەوە نەریتێکە هەر لە سەرەتای دامەزرانی ینک‌وەهاوتەریبی کوردایەتییەکەیان هیناویانە و ئێستا وەها تێک هاڵاون کە نەریتە نیشتمانی و شۆڕشگێرییەکەیان لە ژێر قەفی ئە‌وی دیکەیاندا واتە هاوپەیمانی و دۆستایەتیی لە گەڵ داگیرکەراندا کەم رەنگ و بێهیز بووە. ئەمن پێم وایە لە هەلومەرجی ئێستای باشووری کوردستان‌دا کارێکی رەوا و بە قازانج نیە کێشەی لاوەکی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست بکرێ، بەڵام لەوەش نارەواتر ئەوەیە کاربەدەستانی حکومەتی هەرێم بە بلوێری کۆماری ئیسلامیی ئێران وە سەما کەون و تاوانەکانی دوژمن کەم رەنگ کەنەوە.ئەگەر شێخ جه‌عفه‌ر مستەفا پێی وایە کۆماری ئیسلامیی ئێران پاش نەمانی پژاک و پ ک ک لەو دەڤەرە، واز لە کێشە دروستکردن بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دێنێ،ئەوە چاوەڕوانییەکی هەڵەیە. شێخ جه‌عفه‌ر مستەفا باسی پەیوەندی دۆستانەی خۆیان وکۆماری ئیسلامیی دەکا بەڵام ناڵێت ئەم پەیوەندییە دۆستانەیە زیاتر لە پەیوەندی ئاغا و نۆکەر دەچێ تا پەیوەندیدۆستانە.پێم وابێ ئەگەر جه‌نابی شێخ لە خۆی نەگۆرێ پەیوەندی کۆماری ئیسلامیی ئیران لە گەڵ ئەوان هەر ئەوەندەدۆستانەیە تا راوەکەی بۆ دەکەن و پاشان بە ناردنی مەفرەزەکانی ئەنسارولئیسلام بۆ ناوچەی هەڵەبجە و پێنجوێن پاداشیان دەداتەوە. بەو هیوایەی بەرپرسانی حکومەتی هەریم دیارە ئەوانی وەک شێخ جه‌عفه‌ر مستەفا بیر دەکەنەوە جارێک لە خۆیان بپرسن کە بەرهەم و دەستخۆشانەی ئەو هەمووە پەیوەندییە دۆستانەیان لە گەڵ داگیرکەران جگە لە رژانی خوێنی رۆڵەی کورد بە دەستی ئەوان چ دەسکەوتێکی بۆ ئەوان و ئەوانی وەک ئەوان بیر دەکەنەوە هەبووە؟
مه‌به‌ستی ئه‌م وتاره ئه‌و به‌رپرس‌و پێشمه‌رگانه‌ی ینک نیه که به دلێکی پاک و بێگه‌رد کوردایه‌تییان کردووه وده‌یکه‌ن و بێ‌شک ئه‌وانیش کاتێک ئه‌م قسانه‌ی شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فایان گوێ لێده‌بێت له‌شه‌رمان ئاره‌قه ده‌که‌ن.
کەماڵ
ماوەی دوو حەوتوویە کۆماری ئیسلامی ئێران بە بیانووی بوونی هێزی چەکداری،پژاک و پ ک ک،گوندەکانی بناری قەندیلی کردووەتە ئامانجی تۆپ و بۆمب‌باران.ئەوەی راستی بێ ئەوە بەهانەی کۆماری ئیسلامی ئیران بۆ پاساوی کارە دژی ئینسانییەکانی خۆی لەو مەڵبەندە‌دایە.دەوڵەتی تورکیەش ماوەی زیاتر لە دوو مانگە ئەم چەشنە هێرشانەی بۆ سەر کوێستانەکانی ناوچەی سێ سنوور و داڵانپەر هەر بە هەمان بیانوو دەستپێکردووە.
بەڵام کێ هەیە نەزانێ کە ئەم دوو دەوڵەتە داگیرکەرەی کوردستان،چاویان بە دەسکەوتەکانی نەتەوەکەمان لەم بەشەی نیشتمان هەڵنایە و بەتایبەتی ئێستا کە وادەی جێبەجێ کردنی مادەی نزیک بووەتەوە وهیوای جێبەجێ کردنی مادەی 140 گوڕوتینێکی تازەی هاتووەتەوە بەر و وێدەچی ناوچە دابڕاوەکانی کوردستان هێدی هێدی بگەڕێنەوە سەر هەرێمی کوردستان. هۆیەکی دیکەی ئەم گەلەکۆمەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیە گەشە و نەشەی کوردستانی گەرمێن لە باری ،ئابووری،سیاسی و... رێککەوتنی ستراتێژیکی پارتی و یەکیەتیی و سەرەنجام وەدەستهێنانی ددانپێداهێنانی نێونەتەوەیی بە ئەم بەشەی کوردستان و وەدەستهێنانی پێگەیەکی یاسایی بە پیوانە نیونەتەوەییەکانە.
ئەگەرێکی دیکەی ئەم هێرشانە وێدەچێ لێکدانەوەی بە هەڵەی کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیە بێ.ئەم بەهەڵە لێکدانەوەیەش ئەوەیە کە هەر دوو وڵات پێ‌یان وابێ ئەمریکا و هاوپەیمانانی کوتوپڕ عێراق بە جێ دێڵن و ئێران و تورکیەش هەرکامە بەشی خۆی دەپچڕێ.
ئەگەری دیکەی ئەم هێرشە دوو قۆڵییە دەکرێ زەخت هێنان بۆ سەر کورد بێ تا مل بۆ دەستکاری دەستووری عێراق نەوی بکا و بە کورتی شتێک بەناوی فیدرالیزم لە دەستوری عێراق‌دا تەنانەت بە نووسراویش نەبێ و کورد هیچ دەستاوێژێکی یاسایی بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانی نەبێ.
ئەوانەی باسم کردن هەموو ئەگەرن و روانگە ولێکدانەوەی دوژمنەکانمان،بەڵام ئەوەی ئەمن پێم سەیرە ئەوەیە کە بەرپرسان و کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە سەر سوڕماوی باسی تۆپ‌بارانەکانی کۆماری ئیسلامی ئیران دەکەن! ئەوان وادیارە بەراستی زۆریان باوەڕ بە قسەکانی کۆماری ئیسلامی هەیە و کۆماری ئیسلامی ئیران بە هاوپەیمان و دۆستی خۆیان دەزانن.بەڕاستی ئەگەر ئەوە وابێت و بەرپرسانی حکومەتی هەرێم کۆماری ئیسلامی بە دۆست و پشتیوانی خۆیان بزانن دەبێ کێ بە دوژمنی خۆیان بزانن؟ ئەوەی راستی بێ کۆماری ئیسلامی ئێران بەگشتی دۆستی کەس نیە وبە تایبەتی دۆستی کورد نیە. لێرەدا ئاماژە بە هێندێک لەهۆیەکانی دوژمنایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ کورد دەکەم. کورد لە ئێران هەیە و هەر چەشنە ئاڵ‌وگۆڕێک لە کوردستانی گەرمێن کاردانەوەی لە رۆژهەلاتی کوردستان دەبێ.کورد خۆی بە هاوپەیمانی ئەمریکا دەزانی و کۆماری ئیسلامی خۆی پێ دوژمنی ئەمریکایە،ئەو مەسەلە تا ئەمرۆ کە ئاسۆی پێوەندی ئیران و ئەمریکا ناڕوون بوو قەیدی نەدەکرد، بەڵام ئیستا کە بارودۆخەکە بەرەو شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان ئێران و ئەمریکا دەروات بۆ کۆماری ئیسلامی ئیران قوت نادرێ کە کورد هاوپەیمانی ئەمریکا بێ.
بەشێکی زۆری کورد سونیی مەزەبن و لە داهاتوودا ئەگەر هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدابە زەرەدی ئێران تێکچوو، کوردەکانیش لە بەرەی دژی کۆماری ئیسلامی شێعەی ئێران رادەوەستن. دیارە ئەو بەشە لێکدانەوەی ئیرانە و کورد کێشەکەی کێشەی نەتەوایەتییە و کیشەی مەزەبی نیە.
کورد باوەڕیان بە دامەزرانی دەسەڵاتێکی تەکاوە لە مەزەب و دین هەیە و لایەنگری جیایی دین و دەوڵەتن.
بوونی حکومەتێکی فیدراڵی کورد لە ناوچەکەدا، پەیمانی ساڵی 1975ی ئەلجەزایر دەخاتە زبڵدانی مێژوو وەوە و کیشەی سنووری نێوان ئێران و عێراق دێتەوە سەر حولەمەرەسێ و ئەمجار ئیدی کارتی کوردی بەدەستەوە نیە تا حکومەتی بەغدای پێ بە چۆکدا بینێ.
کەماڵ
میوانی به‌رێز به‌خێر بێی بۆ ئێره!
بلاگی خه‌زاڵ به‌ته‌مایه ئه‌گه‌ر بۆی بلوێ بابه‌تی که‌له‌پووری،سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی‌و...بڵاو بکاته‌وه.
ئێوه‌ش به‌خێر بێن بۆ ئه‌م هه‌وارگه‌یه. ئەمن پێم وایە لە جیاتی بلۆگ یان بلاگ لە کوردی دا ئێمە بنووسین نووسینگە لەبەر ئەوەی کاری هەموو ئەوانەی بلاگیان هەیە نووسینە، تەنانەت ئەوانەی وێنە و موزیکیش دادەنین دەبێ نێوێکی بۆ بنووسن، کەواتە نووسینگە پڕ بە پێستییەتی.جا ئەوجار بەخێر بێن بۆ نووسینگەی خەزاڵ.
خواکانی ئێمه به زیندووییش هه‌ر سه‌قه‌تن!
تراژێدیای کۆچ ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه. تراژیدیای کۆچ نه ته‌نیا له رێگای ده‌نگ و وێنه‌وه، به‌ڵکو له رێگای خه‌ونه‌کانیشمانه‌وه به‌رده‌وام بوونێکی ماددی به خۆی ده‌به‌خشێ. ئه‌گه‌ر هه‌زاران وێنه‌و هه‌زاران وشه ته‌عبیر له ره‌وتی لێک‌دابڕان ده‌که‌ن، ئه‌وا به هه‌زاران خه‌ونی شاراوه‌ش ته‌عبیر له دووباره‌و سه‌دباره له‌دایک بوونه‌وه‌ی ئه‌م ره‌وته ده‌که‌ن. مرۆڤی کورد ته‌نیا کۆچ ناکا، به‌ڵکو له خه‌ونه‌کانیشدا پێش ئه‌وه‌ی کۆڵه‌باری کۆچ بپێچێته‌وه، خه‌ریکی کۆچه. کۆچ بۆ ئه‌و بۆته بیرکردنه‌وه. کۆچ بووه‌ته جیهانێکی ده‌روونی که فه‌لسه‌فه‌ی بوونی ئه‌وی له خۆیدا حه‌شارداوه. به‌ڵام کۆچ پێش ئه‌وه‌ی رۆیشتن بێت بۆ گه‌یشتن به‌و شوێنه‌ی خوشگوزه‌رانی و ئاسایشی لێیه، بۆ ئه‌و بریتی بووه له رۆیشتن بۆ ئه‌و شوێنه‌ی که نوقته‌ی دروست کردنی کۆمه‌ڵگای خۆشگوزه‌ران بووه، واته مه‌یدانی خه‌بات.مرۆڤی کورد به مه‌به‌ستی دروست کردنی به‌خته‌وه‌ری بۆ خۆی، له شوێنی ژیانی خۆی هه‌ڵکه‌ندراوه‌و له شاخ گرساوه‌ته‌وه‌و له‌وێوه پڕۆڤه‌ی دروست کردنی خه‌ونه‌کانی خۆی کردووه. ئه‌م خاڵه سه‌ره‌تای کۆچی ئه‌و بووه. ئه‌مه کۆچی کۆچه‌کان بووه. مرۆڤی کورد زۆر ئاسان ده‌ستی له شوێنی ژیانی هه‌ڵگرتووه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و شوێنه بگۆڕێ. دڵنیا بووه له‌وه‌ی که ئه‌م کۆچه‌ی کرده‌یه‌کی سه‌رکه‌وتووانه‌یه و که‌م خایه‌نه‌و پاش ماوه‌یه‌کیتر، کۆچ به‌ره‌و دژه‌مانای خۆی هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه. به‌ڵام مێژوو له‌وه دڵڕه‌قتر بوو. کۆچی نێو خه‌ونه‌کان له یاسای خۆی په‌یڕه‌وی کرد و کورتخایه‌ن نه‌بوو. نه‌یزانی که ده‌ستهه‌ڵگرتن له شوێنی ژیان، به مه‌به‌ستی گۆڕینی، ده‌بێته ده‌ستهه‌ڵگرتن له گۆڕین. نه‌یئه‌زانی که کۆچ خه‌ونه‌کان به‌تاڵ ده‌کاته‌وه‌و مێژووی دابڕدابڕ ده‌کا.کۆچی مرۆڤی کورد سه‌ره‌تا، کۆچ بوو له پێناوی گه‌ڕانه‌وه‌دا. خۆشگوزه‌رانی و ئاسایش ئه‌و خه‌ونانه بوون که ده‌کرا له شوێنی ژیانی رابردوو دروست بکرێن. وه‌رگرتن و ته‌حه‌مول کردنی هه‌موو ئازارێکیش له‌م پێناوه‌دا شیاو بوو. به‌ڵام ژیان له یاساکانی خۆیه‌وه ده‌ڕوانێته رووداوه‌کان. مرۆڤ تا سه‌ر ناتواتێ له کۆچ له شاخدا بژیت. ژیانی شاخ له یاسا سروشتی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان پێڕه‌وی ناکات، بۆیه کۆچ ده‌کرێت لێره‌وه ببێ به دوو لق: یه‌که‌م، کۆچ کردوه‌کان ده‌گه‌ڕێنه‌وه. دوهه‌م،کۆچ کردوه‌کان درێژه به کۆچ ده‌ده‌ن و به‌ره‌و وڵاته نامۆیه‌کان هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرن. هه‌ڵبه‌ت به‌شێکی نه‌گۆڕ له کۆچ کردووه‌کان له شاخ ده‌مێننه‌وه ده‌بن به سومبولی مانه‌وه‌ی کۆچ به‌ره‌و شاخ. به‌ڵام ئه‌م به‌شه نه‌گۆڕه له‌چاو ئه‌و حه‌شیمه‌ته‌ی دێن و ده‌ڕۆن، زۆر که‌من و له راستیدا ده‌بن به سومبول و پاڵنه‌ری پتری ره‌وتی کۆچ به‌ره‌و شاخ. ئه‌وانه‌ی که ده‌گه‌ڕێنه‌وه، هه‌ڵگری باری شکستی راسته‌وخۆی کۆچن و ئه‌وانه‌ی وا به‌ره‌و وڵاتی دیکه درێژه به کۆچ ده‌ده‌ن، هه‌ڵگری باری شکستی ناراسته‌وخۆی کۆچن و ئه‌وانه‌ی وا ده‌مێننه‌وه هه‌مان باوڕدارانی نه‌گۆڕن که فێربوون به‌رده‌وام له خولیای سه‌رکه‌وتندا بژین. ئه‌گه‌رچی تا ئێستا شکست لایه‌نی زاڵی باری ئه‌و مێژووه‌یه که به خۆشبینیه‌وه لێی ده‌ڕوانن.به‌ڵام لێره‌دا قسه له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه که هه‌ر‌سێکی ئه‌م به‌شانه به پله‌ی جۆراوجۆر به‌رده‌وام هه‌ر له‌سه‌ر ره‌وتی کۆچن. کۆچ به‌رده‌وام زه‌ین و ده‌رونی ئه‌وانی داگیر کردووه. مرۆڤ که له‌وپه‌ڕی ئۆمێدی خۆیدا توانی زێدی خۆی به‌جێ بێڵێ، ئاساییه که له‌وپه‌ڕی نائۆمێدی و ره‌شبینیدا ئاسانتر به‌جێی دێڵێ. جگه له‌مه مرۆڤ که به مه‌به‌ستی خه‌بات کۆچی کرد، ده‌کرێت به مه‌به‌ستی درێژه‌پێدانی دیسان درێژه به کۆچ بدات. لێره‌دا کۆچ ده‌بێ به دووانه‌ی خه‌بات. ئیتر هه‌ر لێره‌وه‌یه که تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی کۆچ سێبه‌ری خۆی به‌سه‌ر ماناکانی خه‌باتدا ده‌کێشێ و، خه‌بات به‌رگی کۆچ له‌به‌رده‌کات. سه‌ره‌کیترین تایبه‌تمه‌ندی کۆچیش نامۆییه. لێره‌وه ئیتر مرۆڤی خه‌باتگێڕی دووانه‌ی کۆچ نامۆ ده‌بێ. نامۆ ده‌بێ به به‌رامبه‌ر به ره‌وتی ماناکانی ئێستای کۆمه‌ڵگای خۆی، نامۆ ده‌بێ به‌رامبه‌ر به دۆخی خه‌باتێکی سروشتی. نامۆ ده‌بێ به‌رامبه‌ر به ئه‌و مانایانه‌ی که خۆی هه‌ڵگریه‌تی.سێبه‌ری کۆچ، مانا‌و مه‌به‌سته‌کانی خه‌بات لێڵتر ده‌کا. ئه‌گه‌ر خه‌باتگێڕ هێشتا وێنه‌یه‌کی ته‌واو روونی له داهاتوی ده‌سه‌ڵات و به‌رنامه‌کانی خۆی نیه، ئه‌وا کۆچ ئه‌م وێنه‌یه ئاڵۆزتر ده‌کا. کۆچ ئه‌زمونی راسته‌وخۆی ژیان به‌سه‌ربردن له‌ناو کۆمه‌ڵدا ده‌کوژێ و له جیاتی ئه‌و تابۆیه‌ک ده‌به‌خشێت. بێ هۆ نیه که خه‌باتگێڕی کۆچه‌ر له هه‌مان کاتدا که زۆر که‌لله ره‌قی پیشانده‌دا، زۆریش چاوی له هۆکاره‌کانی ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌کانی خۆیه‌تی، بۆ ئه‌وه‌ی دۆخێکی شیاوی بۆ بڕه‌خسێنن.به‌ڵام ئه‌گه‌ر کۆچ له‌م ئاسته‌دا بۆ خه‌باتگێڕان لێی ده‌که‌وێته‌وه، ئه‌وا بۆ کۆمه‌ڵگایێک که خاوه‌نی وه‌ها پێشڕه‌وانێکه ده‌بێ چی لێبکه‌وێته‌وه؟ له کۆمه‌ڵێکی وادا هۆکاره‌کانی کۆچ ته‌نیا بۆ زه‌خت و زۆر و سته‌م و هه‌ژاری و نه‌داری ناگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵکوو پاڵنه‌رێکی دیکه بریتیه له کۆچ به مه‌به‌ستی خه‌بات. روونتر بڵێم، کۆچ بۆ مه‌قه‌ره‌کانی خه‌بات. که ئه‌مه‌ش تا راده‌یێکی زۆر گۆڕانی به‌سه‌ر هاتووه. لێره‌دا مه‌قه‌ره‌کان ده‌بنه پردێکی په‌ڕینه‌وه بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی خۆشگوزه‌رانیان دابین کردووه. خه‌بات ده‌بێته دڵگه‌رمکه‌رێکی دیکه‌ی کۆچ. ئیتر ره‌وتی کۆچی سیاسی له چاو کۆچی کۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ستتر ده‌بێته‌وه.که‌واته بۆ مرۆڤێکی وا کۆچ هه‌ڵگری ماناگه‌لێکی به‌رفراوانه. کۆچ ده‌روازه‌یێکی سه‌ره‌کیه بۆ چونه‌ناو جیهانی سه‌رده‌م. کۆچ، ئه‌و زه‌رفه گشتیه‌یه که هه‌موو خانه‌کانی له خۆیدا جێکردۆته‌وه. ئیتر ئه‌وه کۆچه مانا به مێژوو ده‌به‌خشێ. بۆ ئه‌م مرۆڤه مێژووی سه‌رده‌م بریتیه له ماناکای کۆچ. بۆ ئه‌و مێژووی ئێستای کوردستان زۆرتر بریتیه له خه‌باتی شاخ. بێ هۆ نیه که ئه‌و هه‌موو کتێبه له‌سه‌ر خه‌باتی شاخ چاپ بووه و که‌چی که‌م تێیدا باس له ره‌وتی کۆمه‌ڵ کراوه. ئاشکرایه بۆچی. چونکه کۆمه‌ڵ کۆچی نه‌کرد. که‌سێکیش کۆچ نه‌کا ئیتر به‌م پێوه‌ره هه‌ڵگری ماناکانی سه‌رده‌م نیه. به‌ڵام تراژیدیایه‌که لێره‌دایه که به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی کۆچبه‌ران، گرمه‌و لرفه‌ی ژیانی شاخ بۆ کۆمه‌ڵ گرمه‌و لرفه‌یه‌کی ئۆرگانیکی نیه. کۆمه‌ڵ ره‌وتی خۆی هه‌یه‌و شاخیش ره‌وتی خۆی. ئه‌وه سه‌رئه‌نجام کۆمه‌ڵه، که سه‌ره‌ڕای هه‌ر ده‌ست تێوه‌ردانێکی ده‌ره‌کی بڕیاری سه‌ره‌کی و دوابڕیار ده‌دا.***به‌ڵام بۆ مرۆڤێکی وا که له پڕۆسه‌ی کۆچی خۆیدا به وڵاتانی رۆژئاوای ده‌گا، ده‌بێ ماناکانی کۆچ چیان به‌سه‌ر بێت؟ دابین کردنی مافی نه‌ته‌وه‌یی و خۆشگوزه‌رانی بۆ میلله‌ت چی‌یان به‌سه‌ردێت؟ مرۆڤی کورد که هێشتا مرۆڤێکی پێش زانستی و پێش سه‌رمایه‌داری مۆدێڕنه و به خه‌ستی تێکه‌ڵ به ماناکانی ئه‌م دوو تایبه‌تمه‌ندیه‌یه، ده‌بێ له دۆخی ئه‌وروپادا چی به‌سه‌ر بێت؟کۆمه‌ڵگای رۆژئاوایی، کۆمه‌ڵگای ته‌ژی زانست و پێناسه به‌رده‌وام نوێیه‌کانه به هه‌موو قه‌یرانه‌کانی خۆیه‌وه. بۆ ئه‌وان غه‌می کاولبوونی سروشت، هه‌ڕه‌شه‌ی پیشه‌سازی و خه‌می ته‌نیایی مرۆڤ ئه‌و خه‌مانه‌ن که هێشتا لای ئێمه چه‌که‌ره‌کانیشی دیار نین. ئێمه هێشتا له‌ناو عه‌شقی کاول کردنی سروشتداین، هێشتا له بیری دامه‌زراندنی پیشه‌سازیداین (به‌بێ ره‌چاوکردنی زیانه سروشتیه‌کانی)، هێشتا مرۆڤی ئێمه نه‌گه‌یشتۆته قۆناغی غه‌می ته‌نیایی که قۆناغی ته‌ژیبوونی غه‌ریزه‌و هه‌وه‌س و خولیا فیزیۆلۆژی و ده‌رونییه‌کانه. ئێمه هێشتا له‌گه‌ڵ جیهانی ئاژه‌ڵ له په‌یوه‌ندیێکی سه‌راسه‌ر به‌هره‌که‌شانه‌داین و سۆزێکی عاتیفی به ئاژه‌ڵمان نابه‌ستێته‌وه، ده‌بێ چیمان لێ به‌سه‌ر بێ له جیهانێکدا که سه‌گێک یان پشیله‌یه‌ک ده‌کرێ هه‌موو ژیانی سۆزاوی مرۆڤێک بێ؟جیهانی رۆژئاوا ته‌نیا بریتی نیه له ئه‌مڕۆ، به‌ڵکو مێژوویه‌کی له پشته. مێژوو به هه‌موو مانا‌و بواره جۆربه‌جۆره‌کانی خۆیه‌وه. که‌واته له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه دژواره بۆ مرۆڤێکی به دوور له‌م مێژووه، ئاسان بچێته نێو ئه‌و کۆمه‌ڵه‌وه و له رازه‌کانی سه‌رهه‌ڵدان و پشکوتنی به شێوه‌یێکی پێویست (چ له تیۆرداو چ له کرده‌وه‌دا) بگات. بۆیه یه‌که‌م کاردانه‌وه‌ی کۆچبه‌ر بریتیه له سه‌رسوڕمان و حه‌سره‌ت. یان وردتر بڵێین، خه‌ستتر بوونه‌وه‌ی سه‌رسوڕمان و حه‌سره‌ت. چونکه ئه‌مه بۆ ئێمه ره‌وتێکی کۆنه. مرۆڤی ئێمه که ئه‌زمونی خه‌مه کۆن و تازه‌کانی مرۆڤی رۆژئاوای نیه، ده‌بێ به چ شوناس و پێناسه‌یه‌ک بگاته شوێنی دیاریکردنی خۆی؟ ئێمه لێره چ بخوێنین، چ کار بکه‌ین (وه‌ک پرۆلتێرێکی به‌هره‌مه‌ند له ژیانێکی نۆرماڵ) ئه‌گه‌ر چه‌ندین ده‌ساڵیش درێژه بکێشێ، هێشتا کۆمه‌ڵێکی دیارین له ناو کۆمه‌ڵگای ئه‌وروپادا به هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه که‌لتوریه‌کانی خۆمانه‌وه. سڕینه‌وه‌ی ئه‌م سنوره ئاسان نیه، ئه‌گه‌رچی جیهان به‌ره‌و بێ سنوری ده‌ڕوا. رابردومان به کۆڵه‌وه‌یه و ئه‌م رابردوه مه‌جالی هه‌ڵسوڕانی پێویستی لێسه‌ندوین. هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ست ئه‌وه نیه رابردوو به موتڵه‌ق بسڕینه‌وه. قسه له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه که چلۆن ده‌توانین پێناسه‌کانی کۆمه‌ڵگایه‌کی مۆدێڕن وه‌رگرین. واته ببین به کوردێکی ئه‌ورووپی. کوردی کوردستانی تا ئێستا ماناکانی به جوانی دیار نیه و به رای من کوردبوون ( ئه‌گه‌ر ئه‌م ته‌عبیره دوچاری کورت بینیمان نه‌کات) له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ماناکانی جیهانی مۆدێڕندایه که مانای پێویستی خۆی وه‌رده‌گرێ. واته کوردی کوردستانی هێشتا له‌گه‌ڵ قه‌یرانی شوناس رووبه‌ڕوو ده‌بێ ئه‌گه‌ر مۆدێڕن نه‌بێ. جا چ بگا به‌و کورده‌ی که له رۆژئاوا ده‌ژی. چونکه ئاشکرایه که کوردی کوردستانیبوون به‌بێ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ جیهانی مۆدێڕن بریتیه له نوقم بوون له سوننه‌ت و دیارده‌و شوناسه پێش مۆدێڕنه‌کاندا.جا کێشه‌که بریتیه له مۆدێڕنبوون. به‌ڵام مۆدێڕن بوون به‌بێ پڕۆسه‌یێکی مێژووی به ئه‌نجام ناگات. قۆناغێک پێویسته پڕ له گۆڕانکاری له هه‌موو بواره‌کاندا. بۆ مرۆڤێکی کوردی هه‌ڵکه‌ندراو که دێته رۆژئاوا چه‌ند مه‌جالی ئه‌م پڕۆسه‌یه هه‌یه و ئه‌ویش چه‌نده به خواستی جێبه‌جێ کردنی ئه‌م پرۆسه‌یه گه‌یشتوه؟ ئه‌مه هێشتا روون نیه. یان ره‌نگه روونه و به‌و جورئه‌ته‌وه ده‌توانین بڵێین که خواستی ئه‌م پرۆسه‌یه هێشتا خواستێکی ره‌گ داکوتاو نیه. مرۆڤی کورد لێره‌دا هێشتا کۆمه‌ڵگای کوردستانی به هه‌مان شوناسه پێش مۆدێڕنانه‌وه به کۆڵه‌وه‌یه. له باری ماڵیه‌وه ده‌بێ ده‌ستی پێوه بێت. جگه له‌مانه مرۆڤێکی ماندوو و له ده‌روندا ئاڵۆزکاوه که هه‌ست ده‌کا لێره پێویستی به حه‌سانه‌وه‌یه، حه‌سانه‌وه‌یه‌ک که تێیدا برێک له یاده‌وه‌رییه توند‌و تیژه‌کان بسرینه‌وه و له هه‌مان کاتدا ته‌نیا له رێگای خۆ به‌ستنه‌وه به لایه‌نێکی سیاسیه‌وه خه‌می کوردستان لای خۆی ساخ بکاته‌وه.بۆ مرۆڤی کورد که خولیای کۆچ له سه‌ره‌تاوه له دونیایدا بووه، هاتن بۆ رۆژئاوا ده‌بێ به درێژه‌ی ئه‌و بڕیاره سیاسیه‌ی که له سه‌ره‌تاوه دابووی. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بڕیاری سیاسی نه‌بوونیشی دابێت. ئه‌وه که گه‌یشته ئه‌ورووپا ناکرێ سیاسی نه‌بێت. ئه‌مه ته‌نیا له‌به‌ر ژێر ده‌سته‌یی کوردستان نیه، به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که سیاسی بوون و حیزبی بوون گرینگ‌ترین بیانوه بۆ هه‌ڵاتن له‌و پرۆسه‌یه‌ی که ده‌بێ به‌ره‌و مۆدێرنیزاسیۆنی ببات. کاری حیزبی سیاسی به هه‌مان شێوه‌ی رابردوو ده‌بێته هۆی دروست کردنی ئه‌و کۆڕ‌و کۆمه‌ڵانه‌ی که ئێمه له خۆیاندا نوقم ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له ترسی مۆدێرنییه‌تی ئه‌وروپا رزگاری ببێ. ئیتر لێره‌وه سیاسه‌ت به‌رگی مۆدێڕن له‌به‌ر ناکات به‌ڵکوو ئه‌وه هه‌ر ئه‌و شێوه سیاسه‌ته نامۆدێرنه‌یه که له دۆخی مۆدێرندا خۆی ده‌نوێنێ. جگه له‌مه ئه‌م جۆره له سیاسه‌ت کردن فۆڕمێکی هه‌ڵاتنه له دۆخی ته‌نیایی له ئه‌ورووپادا.یه‌کێک له گرینگ‌ترین ئامرازه‌کان بۆ گه‌یشتن به یۆتۆپیای کوردی، خوێندنه. تایبه‌تمه‌ندییه‌کی که زۆربه‌ی شاعیره هاوچه‌رخه‌کانیشمان باسیان لێکردوه. به‌ڵام مرۆڤی کورد لێره به هۆی باری قورسی رابردووی و زاڵبوونی عه‌قڵی سه‌ربازی به‌سه‌ر سیاسه‌تیدا به ئاسانی ناچێته ئه‌م دۆخه‌وه و خۆی لێده‌دزێته‌وه. لێره‌ش دژه خوێندنبوون ده‌بێته‌وه به بایه‌خ و، پراکتیکێکی نه‌زانانه هه‌موو خولیاکان داگیر ده‌کاته‌وه. ئیتر په‌نجه‌ژمێر ده‌بن ئه‌وانه‌ی وا له قه‌وانه‌کی دیکه ده‌ده‌ن و ده‌نگ له سازێکی ناسازی دیکه به‌رز ده‌که‌نه‌وه. له‌ناو ئه‌م بازنه‌یه‌دا ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیه له‌ناو ئه‌وانه‌دا زه‌قتره که له پرۆسه‌ی کۆچ به مه‌به‌ستی خه‌باتدا بوون. ئێستاش ئه‌وانه له فه‌نتازیه‌ی گونددا ده‌ژین و ته‌نیا ئه‌و که‌سانه بۆ ئه‌وان دۆست و بران که له سنوری برواکانی خۆیاندا بژین. ئێستاش تایبه‌تمه‌ندی مرۆڤی گه‌رۆکیان وه‌رنه‌گرتوه. جیهان هێشتا پانتایی جووڵه نیه بۆ ئه‌وان. به خولیای گونده‌وه له جیهانی مۆدێرندا ده‌ژین. جوڵه‌ی سیاسه‌تیان له هه‌مان جه‌ڵه‌ی گونددا ده‌ژی و گوندێکیدی له جیهانی مۆدێرندا ساز ده‌که‌ن. ***بۆ ئێمه که له نێو جیهانی ته‌سکی خۆماندا ده‌ژین، کت‌وپڕ که‌وتنه ناو جیهانی پڕ له جوڵه‌ی مۆدێڕن ده‌بوو به راچڵه‌کاندنێک که هه‌موو سه‌رتاپامانی ده‌هێنایه له‌رزین. جوڵه‌ی سه‌رده‌می ئه‌نفۆرماتیک فێری جوڵه‌ی کۆچی کردووین. کۆچ ئێستا خه‌ونێکی گه‌وره‌تره له جاران. مه‌قه‌ره‌کانی خه‌بات ئێستا وێستگه‌یێکن بۆ سه‌فه‌ری کۆچێکی درێژخایه‌نتر. مه‌قه‌ره‌کان پردێکن بۆ په‌یداکردنی ناسنامه‌ی سیاسی به مه‌به‌ستی په‌ڕینه‌وه‌یێکی ره‌حه‌تتر. ئێستا ئیتر باره‌گاکانی UN و که‌مپه‌کانی وڵاتانی وه‌رگری په‌نابه‌ر به هه‌زاران و سه‌دان هه‌زار چیرۆکی ئازایه‌تی و حه‌ماسه و به‌سه‌رهاتی مرۆڤی کوردیان به درۆ یان به راست له خۆیاندا هه‌ڵگرتوه و حه‌شارداوه. که‌م نین ئه‌وانه‌ی ئێستا ئه‌وه‌نده چیرۆکی ژیانی خۆیان گوتۆته‌وه که ئه‌گه‌ر جاران رێزێکی تێدا ده‌خوڵقاندن، ئێستا ئیتر قێزی ده‌بێته‌وه. رواڵه‌تی ساردی پارێزه‌رانی یوئێن رێک به پێچه‌وانه‌ی ده‌روونی گه‌رم و رۆمانتیکی کۆچبه‌رانن. ئه‌م ساردوسڕیه مرۆڤی کۆچبه‌ری کورد له ئاست خه‌ونه‌کان و به‌سه‌رهات و ئازایه‌تیه‌کانی خۆی دوچاری راوه‌ستان و رامانێک ده‌کا. له خۆی ده‌پرسێ: به‌سه‌رهات و خه‌ونێک که نه‌توانێ ده‌وازه‌کانی جیهانی مۆدێڕن راچڵه‌کێنێ، تۆ بڵێی ئه‌سڵه‌ن فڕی به‌سه‌ر ژیانه‌وه هه‌بێت؟ ئیتر ئێمه نازانین که خه‌ون و ئازایه‌تی له جیهانی مۆدێڕن بووه به دیارده‌یێکی دابڕاو (انتزاعی). ئێمه نازانین که جیهانی مۆدێڕن ناگه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌و ئازارانه‌ی که ده‌یان ساڵ له‌وه‌پێش هی ئه‌و بوون. جیهانی مۆدێڕن و پڕ له جووڵه له هه‌مان کاتدا جیهانێکی بێڕه‌حم و بێبه‌زه‌ییه. ئه‌وه‌نده بێروحم که ته‌نیا ده‌توانێ له رێگه‌ی یاساوه داڵته‌ی بدات. خه‌ونه‌کانی ئێمه که ئه‌و هه‌موه تێکه‌ڵ به خه‌م و خوێن و ئازارن، لێره له چه‌ند رسته‌ی رێکوپێکدا ده‌چنه په‌راوێزی یاساوه، به‌ڵکو به جۆرێک دایکی یاسا روحمی پێ بجوڵێ. بێگومان روحمی یاساش ده‌جوڵێ، به‌ڵام ئه‌نجام چییه؟ ئه‌نجام بریتی ده‌بێ له‌وه‌ی که بیره‌وه‌ریه‌کان پڕهێزتر بن له جاران. ئه‌وه‌نده پڕهێزتر که مرۆڤی کورد هیچ پڕۆگرامێکی بۆ داهاتو پێنه‌بێت.ئه‌گه‌ر کۆچ به مه‌به‌ستی خه‌بات هاوڕێ بوو له‌گه‌ڵ لانی که‌م گه‌رمه و لرفه‌ی ژیان، به‌ڵام له درێژه‌ی مه‌به‌ستی خه‌بات بریتیه له ته‌ریک مانه‌وه و نقوم بوون له بیره‌وه‌ری و هێشتنه‌وه‌ی فۆڕمه کۆنه‌کان. ئه‌مه له کاتێکدایه که ژیان راناوه‌ستێ. که‌وتوه‌کانیش بیانویان زۆره، هه‌موو که‌سێک و هه‌موو شتێ به تاوانبار ده‌زانن. لای ئه‌وان ئه‌و ئازارانه‌ی که به سه‌ریاندا هاتوه ئه‌وه ده‌هێنێت که بۆ هه‌میشه بیانوی راوه‌ستان و ته‌مبه‌ڵیان هه‌بێت. خۆ جیهانی مۆدێڕنیش ئه‌وه‌نده به‌رینه که جێگای ئه‌و جۆره ژیانه‌ش ده‌بێته‌وه. دێمۆکراسی ئێره به‌شی هه‌موان ده‌کا!ئه‌گه‌ر رۆژئاوا سه‌رزه‌مینی مه‌رگی خواکانه‌و له قه‌یرانی هاتنی خواکاندا ده‌ژی، ئه‌وه بۆ مرۆڤی کورد هێشتا خواکان مانای خۆیان ماوه. ئێستاش ئایدیایه‌کی گه‌وره هه‌یه که ده‌توانێ مرۆڤی کورد له ده‌وری خۆی کۆ بکاته‌وه‌و مانا به ژیانی ببه‌خشێ و مه‌عنه‌ویه‌تێکی به‌هێزی پێبدات. مه‌رگی خواکان بۆ ئێمه هیچ مانایه‌کی نیه، به‌ڵام ژیان به‌سه‌ربردن له شوێنێک که خواکان بزرن ئاسان نیه، بۆیه زۆر ئاسان مرۆڤی کورد ده‌کرێ توند‌و تۆڵتر به رابردوی خۆیه‌وه بچه‌سپێت. خواکانی ئێمه بۆ رۆژئاوا کۆنن و عه‌بدیان تێدا دروست ناکا. له به‌رامبه‌ردا ئێمه‌ش ناتوانین بچینه قوڵایی دنیای مه‌رگی خواکانی ئه‌وان. ئیتر لێره‌دا نامۆییه‌که خه‌ستتر ده‌بێته‌وه. ده‌کرێ نه‌فره‌تێکی ده‌رونی له هه‌ردوولا به‌رامبه‌ر به یه‌کتر دروست ببێ. بۆ وێنه ده‌کرێ له قولاییه‌کانی ده‌رونماندا به‌رامبه‌ر به زمان و نه‌ریت و مێژوی رۆژئاوا نه‌فره‌ت دروست بێ و ئه‌م نه‌فره‌ته خۆی له به‌رگی فێرنه‌بووندا نیشان بدا. فێرنه‌بوون، نیشانه‌ی سنوره به‌هێزه‌کانه. لێره‌وه ئیتر خراپ تێگه‌یشتنه‌کان سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. بۆ وێنه مرۆڤی کورد لێره پێی عه‌یبه بڵێ ئێرانیم و ئه‌مه به پێشێلکردنی که‌رامه‌تی خۆی ده‌زانێ، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا جینسیه‌و ته‌به‌عه‌ی وڵاتانی رۆژئاوا وه‌رده‌گرێ و پێی شه‌رم نیه‌و پێی وانیه ئه‌مه پرۆژه‌ی کوردایه‌تیه‌که‌ی ئه‌و ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه.خواکانی ئێمه دیسان لێره به‌سه‌قه‌تی بڕیاری دروست کردنی جیهانی نوێ ده‌ده‌ن، بۆیه قه‌ت جیهانی نوێ‌یان بۆ دانامه‌زرێ. خواکانی رۆژئاوا له مه‌رگی خۆشیاندا هه‌ر رێکخه‌ر و دروستکه‌رن، به‌ڵام خواکانی ئێمه به زیندوییش هه‌ر سه‌قه‌تن.ئاشکرایه دیارده‌ی کۆچ پێش له هه‌ر شتێک له ماهیه‌تی جووڵه‌ی سه‌رمایه‌داریه‌وه هاتووه. کۆچ ئه‌و خشته‌یه‌یه که نیشانده‌ری نفوزی توند‌و تۆڵی سه‌رمایه‌داری جیهانی له کوردستانه. وێنه‌و ده‌نگ و نووسراوه‌و ره‌نگه‌کان به‌رده‌وام بۆردمانی ناوچه ئارام و سونه‌تیه‌کان ده‌که‌ن و جیهانی کۆن ده‌شڵه‌ژێنن. نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوکێیه‌کی سه‌یر سه‌ری هه‌ڵداوه. ده‌ورانه ئارامه‌کان به‌سه‌رچوون. به‌ڵام ده‌ورانه پڕ له جوڵه‌کانیش نه‌هاتوون. تۆ بڵێی له‌م وێنه گشتیه‌دا مێژوو به چ بارێک‌دا حوکم بدات؟ کۆمه‌ڵگای کوردی کۆچبه‌ر ده‌بێ به په‌راوێزێکی دیکه‌ی جیهان، یان ده‌بێ به پاڵنه‌رو رێکخه‌رێکی دیکه‌ی کوردستان به‌ره‌و مۆدێرنیزاسیۆن؟ داخۆ بۆ ئێمه که له به‌رزه‌خی نێوان ئارام و جوڵه‌دا ده‌ژین، چ چاره‌نوسێک به‌رۆکمان پێ ده‌گرێ؟یه‌کێک له پێناسه‌کانی ئه‌م به‌رزه‌خه بۆ ئێمه بریتیه له کۆچ. مرۆڤی کۆچبه‌ر نه ئارامه و نه جوڵه‌یه. له هه‌ردووکیان خۆراک وه‌رده‌گرێ، له‌و کاته‌دا که به شکڵ جوڵه‌ی وه‌رگرتووه، له نێوه‌رۆکدا هێشتا ئارامه. ئه‌مه‌ش ئاساییه. چونکه ئارام بۆ ئه‌و بریتیه له مێژویێکی دوور‌و درێژ، به‌ڵام جوڵه بریتیه له مێژویه‌ک که قه‌راره له داهاتوودا بێت. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیه پرۆسه‌ی کۆچ به مه‌به‌ستی خه‌باتیش ده‌گرێته‌وه.به‌رزه‌خ حاڵه‌تی پێش گۆڕانه. گۆران، سات به ساتی به‌رزه‌خی داگیر کردوه. به‌ڵام بڵێی ئه‌م حاڵه‌ته چه‌نده بخایه‌نێ؟ به‌تایبه‌ت له دونیا‌و له سه‌رده‌مێکدا که حاڵه‌ته به‌رزه‌خیه‌کان سه‌ره‌ڕای جوڵه‌ی سه‌ر سوڕێنه‌ری جیهان گه‌لێک دوور‌و درێژتر خۆیان ده‌نوێنن. تۆ بڵێی مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه په‌له‌یه‌تی، یان به‌ڕاستی زۆربه‌ی گۆڕانه شیاوه‌کان وه‌دوواکه‌ون؟2003
فه‌ڕۆخ نێعمهتپوورتفم جیا
خاکم جیا
خوام جیا
تفم لە دەمی میێیینەیەکدا
لە کەلاوەکانی زکر
سروشتیترین هەوەسیان دەخۆنەوە
خاکم بە شەهوانیترین کەس تەر
تەپوتۆزی ئەم گرێیانە
کۆێراییترین کوێرایی دێنن
خوام لە گەرمترین کورەدا دەتوێنمەوە
هەر رۆژ خوایەکی جوانتر
بۆ پەرەستن
کێ دەڵێ تۆ مرۆڤ نیت
سێ بە سێ
هەر سێکیان لە سەر یەک
تۆ مرۆڤ نیت
کەریم قادرپوور
